سەرپێڵ‌زەهاو؛ هاووڵاتییەک لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانەوە دەسبەسەر کرا

13:23 - 29 خەزەڵوەر 2721

هاووڵاتییەکی کورد بە ناوی "مەهدی پارسەنگ" کوڕی "حەیدەر"، تەمەن ٣٠ ساڵ و خەڵکی شاری سەرپێڵی‌زەهاو سەر بە پارێزگای کرماشان، لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانەوە دەسبەسەر کرا و بۆ شوێنێکی نادیار ڕاگوێزرا.

بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار ئەو هاووڵاتییە کوردە سەرەتای مانگی خەزەڵووەر لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانەوە دەسبەسەر و لەو ماوەیەدا لە "دەسپێڕاگەیشتن بە پارێزەر و چاوپێکەوتن لەگەڵ بنەماڵەکەی" بێبەری کراوە.

ئەو سەرچاوەیە هەروەها ئەوەشی خستەڕوو: "هەتا ئێستا بەدواداچوونی بنەماڵەی ئەو هاووڵاتییە کوردە بۆ ئاگاداربوون لە چارەنووسی کوڕەکەیان بێئاکام ماوەتەوە.

هەتا کاتی بڵاوبوونەوەی ئەم هەواڵە لە هۆکاری دەسبەسەرکردن و تۆمەتی‌ وەپاڵدراو دژی ئەو هاووڵاتییە زانیارییەکی ئەوتۆ بەدەست نەهاتووە.