سەرهەڵدانی کێشە و گرفت لە بەشی موسافێر کێشیی ناوچەی سۆما و برادۆست

17:20 - 8 خاکەلێوه 2713
ئاژانسی کوردپا: بەهۆی کەمتەرخەمیی بەرپرسان و لایەنە پەیوەندیدارەکان، گواستنەوەی موسافیران لە شاری \"ورمێ\"وە بۆ بەخشی \"سۆما\" و \"برادۆست\" و بەپێچەوانە، بەرەوڕووی کێشە و گرفت بووەتەوە.

بەپێی راپۆرتی ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، شۆفیر مینی‌بووسەکانی ناوچەی سۆما و برادۆست لە ورمێ، داوایان لە لایەنە پەیوەندیدارەکان کردووە کە بۆ نەمانی ئەو گرفتە هەنووکەییانە، کۆمەڵێک خزمەتگوزارییان بۆ جێبەجێ بکرێت.

ئەو شۆفیرانە بەهۆی لەسەرێ بوونی نرخی سووتەمەنی و خراپیی ریگەی هاتوچۆ کردن، چەندین جار خوازیاری پێڕاگەیشتنی ئیدارەی رێگە و بانی ئوستانی ئازەربایجانی رۆژئاوا بەو کێشانەدا بوون، بەلام هەتا ئێستا هیچ وەڵامێکیان پێ‌نەدراوەتەوە.

\"11770.jpg\"
ئەم دۆخە هەنووکە هاووڵاتییانی کوردی ناوچەی سۆما و برادۆستی بەرەوڕووی گرفتی هاتوچۆ کردن، کردوەتەوە ئەوەش لە حاڵێک دایە، کە سەرەتای مانگی رەشەمەی ساڵی رابردوو، \"بەخشدار\"ی شاری ورمێ لە دانیشتنێکدا داوای لە بەرپرسانی ئیدارە دەوڵەتییەکان کردبوو کە خزمەتگوزاری پێویست بۆ هاوڵاتیانی کورد و موسافیرانی نەورۆزی ئەنجام بدەن، بەڵام ئەو داوایەش هەتا ئێستا جێبەجێ نەکراوە.

بەخشی سۆما و برادۆست زیاتر لە ٥٠ هەزار کەس حەشیمەتی هەیە و لە ٢٠ کیلۆمیتریی شاری ورمێ هەڵکەوتووە.