سەرنووسەری دوو حەفتەنامەی \"دیار کهن\" بانگهێشتی دادگا کرا

15:23 - 22 بەفرانبار 2713
ئاژانسی کوردپا: سەرنووسەر و خاوەن ئیمتیازی دووحەفتەنامەی دوو زمانەی \"دیار کهن (زێدی دێرین)\" لەلایەن لقی بازپۆرسیی دادگای ئینقلابی شاری سنەوە بانگهێشت کرا.

بەپێی راپۆرتی ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا؛ لقی ٢ی بازپۆرسیی دادگای ئینقلابی شاری سنە دوکتور عەلی لەکی‌زادە، خاوەن ئیمتیاز و سەرنووسەری دوو حەفتەنامەی \"دیاری کۆهەن\"ی بە تۆمەتی \"بڵاوکردنەوەی درۆ\" بانگهێشت کرد.

سەرچاوەیەکی ئاگادار وێڕای پشتڕاست کردنەوەی ئەم هەواڵە بە ئاژانسی کوردپای راگەیاند؛ بانگهێشتی سەرنووسەری دوو حەفتەنامەی دیاری کهن بۆ دادگای ئینقلاب دوای ئەوە دێت، کە ناوبراو لەو دوو حەفتەنامەیەدا و لە وتارێکدا رەخنەی توندی لە شێوەی هەڵبژاردنی شۆرای شاری سنە گرتبوو.

دوکتور عەلی لەکی‌زادە لەلایەن فەرمانداریی شاری سنەوە سکاڵای لەسەر تۆمار کراوە و دەبێ رێکەوتی ١٥ی رێبەندانی ئەمساڵ خۆی بە لقی ٢ی بازپۆرسیی دادگای ئینقلابی شاری سنە بناسێنێت.

لە کاتی هەڵبژاردنەکانی شۆراکان لە ناوچە کوردنشینەکانی ئێران، زۆربەی چاپەمەنییەکان رەخنەیان لەشێوەی هەڵبژاردن و شێوەی هەڵبژاردنی بەرپرسانی شارەوانیی شارەکان گرتبوو.

بانگهێشتی ئەم رۆژنامەنووسە کوردە بۆ دادگای ئینقلاب بەپێچەوانەی بەڵێنییەکانی دەوڵەتی حەسەن رۆحانییە، کە ئیدیعای کرانەوەی دۆخی چاپەمەنی و ئازادیی رۆژنامەگەری لەوڵاتی ئێراندا کردبوو.

لە رۆژانی رابردووشدا فەریاد شیری، شاعیر و نووسەری کوردی خەڵکی شاری سەحنە لە ئوستانی کرماشان، بەهۆی سانسۆر کرانی بەشێک لە کۆمەلە شێعرییەکەی، خۆی لەچاپ کردنی بوارد.

دوو حەفتەنامەی دیاری کۆهەن (زێدی دێرین) ساڵی رابردوو وەکوو دووەم بڵاڤۆکی سەرکەوتووی ئوستانی کوردستان دەستنێشان کرا.

دوو حەفتەنامەی دیاری کۆهەن (زێدی دێرین) ساڵی ١٣٨٩ لە شاری سنە بە دوو زمانی کوردی و فارسی دەستی بە وەشان کرد.