سەرمای زستان، بنەماڵەیەکی کوردی داخدار کرد

13:34 - 3 رەشەمه 2718
ئاژانسی کوردپا: مێرمنداڵێکی خەڵکی ورمێ بە هۆی سەرما و سۆڵە لە سنووری شاری بانە گیانی لە دەست دا.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، ڕۆژی سێشەممە، ٣٠ی ڕێبەندان، مێرمنداڵێکی کورد، بە ناوی \"مەتین سلێمانپوور\"، تەمەن ١٦ ساڵ، کوڕی جەبار، خەڵکی گەلی قاسملوو، بە هۆی سەرمابردووییەوە لە سنووری شاری بانە گیانی لە دەست دا.

برای ئەو لاوه کوردە، بە هەواڵنیری کوردپای ڕاگەیاندووە: \"براکەم ویستوویەتی سەفەری کوردستانی باشوور بکات کە لە سنووری بانە تووشی ئەو ڕووداوە بووە\".

ناوبراو وتیشی: \"تەرمی براکەم لە لایەن دانیشتووانی ناوچەکە لە سنووری بانە دۆزراوەتەوە.\"

برای مەتین جەختی کردووەتەوە، کە مەتین کۆڵبەر نەبووە و هیچ کاتیش کۆڵبەری نەکردووە.

شایانی باسە، تەرمی ئەو لاوە کورد لە زێدی خۆی بە خاک دەسپێردرێت.