سەرما لە ناوچەی هەورامان گیانی کۆڵبەرێکی ئەستاند

20:43 - 23 رەشەمه 2716
ئاژانسی کوردپا: کۆڵبەرێکی سنووری شاری پاوە لە با و بۆران و بەفردا گیانی لەدەست دا.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، سەر لە بەیانیی ئەمڕۆ لە گوندی\"بێڕواس\"ی سەر بە بەخشی سنووریی شاری نەوسوود، تەرمی کۆڵبەرێکی تەمەن ٣٥ساڵە بە ناوی \"ناسر دریایار\" دۆزرایەوە.

ئەو کۆڵبەرە گیان لەدەست داوە شەوی ڕابردوو بە هۆی وەستانی کوتوپڕی دڵیەوە، توانای درێژەدانی ڕێگای هەڵەمووتی ناوچەی هەورامانی نەبووە و دواجار سەرما دەیبات و گیانی لەدەست دەدات.

ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ئاژانسی کوردپا باس لەوە دەکات کە؛ ئەو هاووڵاتییە کوردە خەڵکی گوندی\"دوەیسە\" ی سەرشیوی مەریوان پارێزگای سنە بووە کە بۆ دابین کردنی بژیوی ژیانی، لە ناوچە سنوورییەکانی هەورامان لە هاتوچۆدا بووە.

تەرمی ئەو کۆڵبەرە کوردە کە خاوەنی سێ منداڵە، بۆ شوێنی لەدایکبوونی گوازرایەوە.

وەرزی زستان و بارینی بەفر یەکێک لەو مەترسییانەیە کە گیانی کۆڵبەرانی کورد لە سنوورەکانی کوردستان دەخاتە مەترسییەوە.

کۆڵی ئەو کۆڵبەرانە، باری شتومەکی بازرگانەکانی شارە گەورەکانی ئێرانە کە لە دەرەوەی چوارچێوە یاسا کاروباری گومروکیی بارەکانیان جێبەجێ دەکەن.

لە ماوەی یەک مانگی ڕابردوودا، لانیکەم ٨ کۆڵبەر لە سنوورەکانی کوردستانی ئێران بە تایبەتی لە شارەکانی سەردەشت، پیرانشار و ورمێ بە هۆی سەرما و سۆڵەوە گیانیان لەدەست داوە.