سەردەشت/ شەڕ لە نێوان خەڵک و هێزەکانی حکوومەت هاتە ئاراوە

15:56 - 27 پووشپەڕ 2716
ئاژانسی کوردپا: لە درێژەی ڕاوەدوونان و بۆسەدانی هێزەکانی حکوومەت بۆ کۆڵبەران و کاسبکارانی کورد لە شاری سەردەشت، شەڕ و تێکهەڵچوون لە نێوان خەڵک و هێزە ئەمنیەتییەکان هاتە ئاراوە.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، سەرلە بەیانیی ڕۆژی شەممە ٢٦ی پووشپەڕ، لە بازاڕچەی دووپەزە کە ماوەیەکە دامەزراوە و کەوتووەتە سەر سنووری قەڵادزێ، هێزەکانی حکوومەت دەست بەسەر باری کاسبکاراندا دەگرن و لەگەڵ خۆیان دەیبەن.

خاوەن بارەکان و هێندێک لە خەڵک بۆ ئەستاندنەوەی باری کاسباران بەرەو پاسگای دووپەزە دەچن و پایەگایکەش دەست دەکات بە تەقەی هەوایی و خەڵکەکەش هێرش دەکەنە سەر پایگاکە و شەڕ و تێکهەڵچوون ڕوودەدات و دواجار ئەندامانی پایەگاکە دەڵێن بارەکانیان لە لای هێزە ئینتزامییەکانە.

پاش ئەو ڕووداوە، خەڵک هێرش دەکەنە سەر هێزە ئینتزامییەکان و باری کاسبکاران وەردەگرنەوە و ئاگر لە ماشینی هێزە ئینتزامییەکان بەردەدەن.

سەرچاوەیەک لە سەردەشت بە ئاژانسی کوردپای ڕاگەیاند: ئەو بارەی کە لە لایەن هێزە حکوومەتییەکانەوە دەستی بەسەردا گیرابوو، نزیکەی ٧٠ بار و چەند ماشینێک بووە.

هەر لەو پەیوەندییەدا، شەوی ٧ لە سەر ٨ی پووشپەڕ، گروبانێکی پایەگای گوندی \"گوێزلی\"ی ناوچەی ئالانی سەدەشت، تەقە لە دوو برا بە ناوەکانی \"لەتیف و ڕەئووف عەلیخانی\" کوڕی ساڵح دەکەن، کە یەکێکیان دەستبەجێ دەکوژڕێت و پاش ئەو ڕووداوە برای کوژراوەکە هەڵدەکوتێتە سەر گروبانەکە و دەیکوژێ و پاش ڕووداوی دووهەم، سەربازەکانی پایەگا تەقەی لێدەکەن و برای دووهەمیش دەکوژن و هەوڵ دەدەن دەست بەسەر تەرمی لەتیف و ڕەئووفدا بگرن.

هێندێک لەو کۆڵبەرانە بۆخۆیان خاوەنی ئەو کەلوپەلانە نین و بگرە زۆر جاریش لە ماڵی خۆشیان لەو کەلوپەلانە بێبەشن و بۆ گۆاستنەوەیان تەنیا حەقدەستێکی زۆر کەم وەردەگرن.