سەردەشت/ بانگهێشتی سەرلە نوێی مامۆستایەکی ئاینیی بۆ دادگا

15:13 - 1 خەرمانان 2713
ئاژانسی کوردپا: یەکێک لە مامۆستایانی ئایینی شاری سەردەشت بۆ جاری چوارەم بانگهێشتی دادگای رۆحانییەتی شاری تەورێز کرا.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، مەلا \"سەلام گوڵنەواز\" پێش‌نوێژی مزگەوتی گەڕەکی \"شێوە برایم\"ی شاری سەردەشت، ئاگادار کراوەتەوە کە لە رێکەوتی ٤ی خەرمانانی ئەمساڵ خۆی بە دادگای تایبەتیی رۆحانییەتی شاری تەورێز بناسێنیت.

\"14822.jpg\"
مەلا \"سەلام گوڵنەواز\" پێش‌نوێژی مزگەوتی گەڕەکی \"شێوە برایم\"ی شاری سەردەشت
دادگای شاری تەورێز هۆکاری بانگهێشتی ناوبراوی ئەندامەتی لە \"مەکتەبی قورئان و پەیڕەوی لە ئەحمەدی موفتی‌زادە\"، راگەیاندووە.

بە وتەی کەسانی ئاگادار، مەلا سەلام گوڵنەواز ماوەی ٢٠ ساڵە لە ژێر فشاری دەزگا ئەمنیەتی و ئیتلاعاتییەکانی حکوومەتی ئیسلامیی ئێران دایە و دەیان جار بەرەوڕووی بانگهێشت و لێپرسینەوەی ئەو هێزانە بۆتەوە.

سەلام گوڵنەواز پێشتریش لە مانگی بانەمەڕ و جۆزەردانی ساڵی ١٣٩١دا بانگهێشتی دادگای تایبەتیی رۆحانیەتی شاری ورمێ و دوایین جاریش رێکەوتی ٧ی رەشەممەی هەمان ساڵ لەلایەن دادگای تایبەتیی رۆحانییەتی شاری تەورێز بانگهێشت و دادگایی کرابوو.
\"14823.jpg\"