سەردەشت؛ هاووڵاتییەک بە تەقەی هێزە نیزامییەکانی حکوومەتی گیانی لەدەست دا

11:06 - 21 خەزەڵوەر 2722

ڕۆژی هەینی ٢٠ی خەزەڵوەر، هاووڵاتییەکی کورد بە ناوی "هێمن حەمزە" کوڕی ئەحمەد خەڵکی گوندی "بێوران" سەر بە شاری سەرەشت، لە ئەنجامی تەقەی هێزە نیزامییەکانی حکوومەتی ئێران، گیانی لەدست دا.

بەوتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، هێزە نیزامییەکان بۆ دەسبەسەری و دەسبەسەرداگرتنی کەلوپەلی کاسبکاران، هێرشیان بردبووە سەر گوندی "بێوران" و پاش تێکەڵچوون لەگەڵ خەڵکدا، نیشتوانی ئەو گوندە، هێمن حەمزە دەدنە بە دەسڕیژی گوللـەی ڕاستەوخۆ.

ئەوسەرچاوەیە وتوویەتی کە هێمن حەمزە بەهۆی بەرکەوتنی گوللـەی هێزە نیزامییەکانی حکوومەتی لە سینگی، گیانی لەدەست داوە.

ئەو سەرچاوەیە هەروەها وتوویەتی: ''ئامێنە خوشکی هێمن حەمزە بەهۆی تەقەی هێزە نیزامییەکانی حکوومەتی بریندار و بارودۆخی ناوبراو، نالەبار ڕاگەیەندراوە و بەهۆی قورسیی برینەکانییەوە ڕەوانەی نەخۆشخانەی ورمێ، کراوە''.

ڕێوڕەسمی ڕەوانەکردن و بە خاکسپاردنی تەرمی هێمن حەمزە بە دروشمی "شەهید نامرێ" و بە ئامادەبوونی بەربڵاوی خەڵک لە گوندی "بێوران" بەڕێوەچوو.

''هێمن حەمزە'' خێزاندار و باوکی دوو منداڵە.