سەردەشت؛ محەممەد مەمەندزادە، چالاکی مەدەنی و ژینگەیی هەڕەشەی دەسبەسەرکرانی لێ کرا

10:05 - 14 بەفرانبار 2721

ڕۆژی دووشەممە ١٣ی بەفرانبار، ئیتلاعاتی سپا لە ڕێگەی پەیوەندییەکی تەلەفۆنیدا هەڕەشەی دەسبەسەرکرانی لە "محەممەد مەمەندزادە"، چالاکی مەدەنی و ژینگەیی خەڵکی سەردەشتی کرد.

ئەو چالاکە مەدەنییە لەم بارەیەوە لە لاپەڕەی ئینستاگرامییەکەیدا ڕایگەیاند: "ئێوارەی ڕۆژی دووشەممە ١٣ی بەفرانبار لە ڕێگەی پەیوەندییەکی تەلەفۆنیدا سەبارەت بە کەمپەینێکی خێرخوازی لە من پرسیار کرا، ئەمە لە حاڵێکدایە کە هیچ پەیوەندییەک لەنێوان من و ئەو کەمپەینە بوونی نییە و تەنیا یەک جار لە کاناڵی تێلێگرامیی بژوینی چیای سەردەشت پۆستێکم لەمەڕ پشتیوانیکردن لە ئەنجومەنی خێرخوازی دانابوو و ئەو پۆستەشم لە کاناڵە هەواڵدەرییەکانی ئاستی شاری سەردەشت کۆپی کردبوو، هەر ئەمە بووەتە هۆی ئەوەیکە تەلەفۆنم بۆ بکەن. ئەمەش جێگای ئاماژەیە کە ئەو ئەنجومەنە، ئەنجومەنێکی فەرمییە".

محەممەد مەمەندزادە لە درێژەدا ڕایگەیاند: "لەو پەیوەندییە تەلەفۆنییەدا سەبارەت بە ئەو ئەنجومەنە لە من پرسیاریان کرد و بە لەبەرجاوگرتنی ئەوەیکە من هیچ پەیوەندییەکم لەگەڵی نەبووە لە وڵامیاندا پێیانم وتووە خۆتان لە فەرمانداری و ... دەتوانن پرسیار بکەن، من ئاشناییەکم لەگەڵ ئەو ئەنجوومەنە نییە. پاش وڵامەکەم بە منیان وت کە دەبێ ئەمڕۆ سەردانی ئیتلاعاتی سپای سەردەشت بکەم و منیش وتم کە کاتم نییە. پاشان بە منیان وتووە کە ئێمە خۆمان بە حوکمی دەسبەسەرکردنت دێینە خزمەتتان".

هەروەها ڕۆژی چوارشەممە ١٠ی خەرمانان، ئەو چالاکە ژینگەییە بەهۆی ناڕەزایەتی دەربڕینی لەمەڕ ڕاگواستنی ئاوی بەنداوی سەردەشت و کەمیی ئاوی خواردنەوەی ئەو شارە بانگهێشتی پۆلیسی فەتا کرا.