سەردەشت؛ شەهریار عادڵی بەهۆی ئەشکەنجەی هێزە ئەمنییەتییەکان گیانی لەدەست دا

11:41 - 21 سەرماوەز 2722

هاووڵاتییەکی کورد بە ناوی "شەهریار عادڵی" تەمەن ٢٧ ساڵ کوڕی عەبدولڕەحیم خەڵکی شاری سەردەشت، بە هۆی ئەشکەنجەی قورسی هێزە ئەمنییەتییەکان لە گرتنگەی ئیدارەی ئیتلاعاتی ئەو شارە، گیانی لەدەست دا.

یەکێک لە نزیکانی ئەو هاووڵاتییە گیانلەدەستداوە بە کوردپای ڕاگەیاند: شەهریار عادڵی سەرلەبەیانیی ڕۆژی سێشەممە ١ی سەرماوەز، لە بەر دەرگای ماڵی خۆیاندا، بە تۆمەتی بەشداریکردن لە خۆپیشاندانە سەرتاسەرییەکان، لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانەوە دەسبەسەر و بۆ لێپرسینەوە ڕەوانەی گرتنگەی ئیدارەی ئیتلاعاتی سەردەشت، کرابوو.

ئەو سەرچاوە ئاگادارە هەروەها دەڵێت: ڕۆژی شەممە ١٢ی سەرماوەز، ئەو هاووڵاتییە بە دانانی بارمتە ئازاد کرابوو و ئەو ماوەیە لە گرتنگە لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانەوە بە توندی ئازار و ئەشکەنجە درابوو.

سەرچاوەی ئاگاداری کوردپا هەروەها ئەوەشی خستەڕوو: شوێنەواری شین و بۆڕبوون بەهۆی ئازار و ئەشکەنجەی هێزە ئەمنییەتییەکان لە سەر جەستەی ئەو هاووڵاتییە دیار بووە و پاش ئازاد کردنی کاتیی، بۆ چارەسەر کردنی پزیشکی ڕەوانەی نەخۆشخانەی سەردەشت کرابوو.

ئەو سەرچاوەیە هەروەها ئەوەشی خستەڕوو: ئێوارەی ڕۆژی پێنجشەممە ١٧ی سەرماوەز، شەهریار عادڵی بەهۆی خوێنبەربوونی گەدە و ئەشکەنجەی قورسی هێزە ئەمنییەتییەکان، لە نەخۆشخانە گیانی لەدەست دا.

ئەو سەرچاوەیە هەروەها ڕایگەیاند: هێزە ئەمنییەتییەکان پاش ئاگاداربوون لەوەیکە شەهریار عادڵی لە نەخۆشخانە گیانی لەدەست داوە، هەڕەشە لە بنەماڵەکەی دەکەن کە هۆکاری گیانلەدەستدانی کوڕەکەیان بۆ جەڵتەی دڵ بگەڕێنەوە.

ئەو سەرچاوە ئاگادارەی کوردپا هەروەها ڕایگەیاند: هێزە ئەمنییەتییەکان هەڕەشەیان لەو بنەماڵەیە کردووە کە بێدەنگی هەڵبژێرن و لە وتووێژ کردن لەگەڵ میدیاکان لەمەڕ گیانلەدەستدانی کوڕەکەیان، خۆ ببوێرن.

ڕۆژی هەینی ١٨ی سەرماوەز، ڕێوڕەسمی بەخاکسپاردنی جەنازەی شەهریار عادڵی، بەئامادەبوونی هێزە ئەمنییەتییەکان و بنەماڵەکەی لە شاری سەردەشت، بەڕێوەچوو.