سەردیسی عوسمان هەورامی لە لایەن هادی زیائەدینی لە شاری سنە ڕوونوێنی کرا

14:58 - 26 رێبەندان 2717
ئاژانسی کوردپا: لە ڕێوڕەسمێکدا بە بەشداری خەڵک و ژمارەیەک لە هونەرمەندانی کوردستان، ڕێز لە یەکێک لە هونەرمەندانی ناوچەی هەورامان لە شاری سنە گیرا.

ڕۆژی چوارشەممە ٢٥ی ڕێبەندان، لە ڕێوڕەسمێکدا بە بەشداری خەڵک و هونەرمەندان ڕێز لە هەوڵەکانی مامۆستا عوسمان هەورامی لە ڕاستای خزمەتکردن بە موسیقا و گۆرانی هەورامی لە پەردیسی سینما بەهمەنی شاری سنە گیرا.

ئەو ڕێوڕەسمە، بە بڵاوکردنەوەی بەشێک لە کلیپی ناوچەی هەورامان و عوسمان هەورامی کە لە لایەن کەیوان مەجیدییەوە دروست کرابووە دەستی پێ کرد.

لەوە ڕێوڕەسمەدا، چەندین چالاکی فەرهەنگی لە پەیوەندی لەگەڵ وێژەی و موسیقا ناوچەی هەورامان، چەند وتەیەکیان پێشکەش بە بەشدارانی ئەو ڕێوڕەسمە کرد و لە درێژەدا، سەردیسی عوسمان هەورامی کە لە لایەن هونەرمەندی پیکەرتاشی کورد، هادی زیائەدینی دروست کرابوو، ڕوونوێنی کرا و بڕیارە ئەو سەردیسە لە گۆڕەپانی هەورامان لە شەقامی \"کۆسەی هەجیج\"ی ئەو شارە دابنرێت.

خوێندنەوەی شێعر و چەند پارچە موسیقای هەورامی، بەشێکی دیکە لەو ڕێوڕەسمە بوون و ئەو ڕێورەسمە بە بڵاوکردنەوەی فیلمێک لەسەر ژیان و بەرهەمەکانی عوسمان هەورامی، کە لە لایەن پەرویز ڕۆستەمییەوە دروست کرابوو، کۆتایی پێ هات.

مامۆستا عوسمان هەورامی لە ساڵی ١٣١٤ی هەتاوی، لە گوندی كێمنە سەربە شارستانی پاوە لەدایك بووە، ئەو لە ماوەی ژیانی هونەریدا ٧٠٠ سترانی كوردی هەورامی تۆمار كردووە.

ناوبانگی عوسمان هەورامی زیاتر بە بۆنەی ئەزموونی ئەو لە وتنەوەی سیاچەمانەیە.

\"سەردیس\" پەیکەری مرۆڤ یان هەر گیاندارێکی زیندووە و تەنیا سەر و ملی لەبەر دەگرێت، کە لە بەرانبەر \"تندیس\" پەیکەری تەواو دانراوە.