سەربەخۆیی کورد لە دنیای مەجازیدا ڕاگەیەندرا

14:38 - 28 خاکەلێوه 2716
ئاژانسی کوردپا: بۆ یەکەم جار لە ئینتێرنێت‌دا دۆمینێک بە ناوی (KRD.) بۆ کوردستان تۆمار کرا و ئەوەش وەک سەربەخۆییەک بۆ نەتەوەی کورد ڕاگەیەندراوە.

بەپێی ڕاپۆرتە بڵاو کراوەکان، دۆمینێکی گشتیی لە ئاستی باڵادا بۆ کوردستان تۆمار کراوە و ئەوەش ناڕەزایەتی وڵاتانی دراوسێی لێکەوتووەتەوە.

ئەو دۆمینە لە دنیای مەجازیدا بۆ کوردەکان فەزایەکی سەربەخۆ و تایبەت پێک دێنێت ئەوەش هەنگاوێکی گرینگە بۆ سەربەخۆیی سیاسی کوردەکان.

کورد گەورەترین نەتەوەی بێ دەوڵەتە و نیشتمانی کردستان لە نێوان چوار وڵاتی ئێران، عێراق، تورکیە و سووریەدا دابەش کراوە و کوردەکان لە مافی چارەنووسی خۆیان بێبەشن.

دۆمینیKRD. بۆ کوردستان ساڵی ٢٠١٣ی زایینی بە دیاری‌کردنی نێو و ژمارەی (ICANN)لە لایەن ڕێکخراوی ناحکوومی ئایکان لە ئامریکا تۆمار کراوە.
شیرکەتە خسووسی، ڕێکخراو و ناوەندەکان و کەسانی دیکەش دەتوانن لەو داۆمینە کەڵک وەرگرن.

ئەو دۆمینه تایبەت بە کوردستانە و لە چەند پیتی کوردستان بۆ دیاری‌کردنی ئەو دامنەیە کەڵک لێ‌وەرگیراوە.

بەغدا، تاران، ئانکارا ودەمیشق کە خوێندن بە زمانی دایکیان بۆ کوردەکان قەدەغە کردووە لە بەرانبەر ئەو دۆمینەدا ناڕەزایەتی خۆیان دربڕێوە.

حکوومەتی ئێران بە فەرمی دژایەتی خۆی لەگەڵ ئەو بڕیارە جێبەجێ‌کراوەی دامەزراوەی ئایکان دەربڕیوە و ڕایگەیاندووە کە ئەو کردەوەیە دەبێتە هۆی کێشە و ململانیی توندی سیاسی.

دۆمینیKRD. ئەگەرچی بە نێوی کوردەکان لە ئینتێرنێت‌دا تۆمار کراوە بەڵام مەرجی پێویستیان بۆ وەرگرتنی پاشگری دوو پیتی پێ نەدراوە چوونکە کوردستان بە فەرمی دەوڵەتی سەربەخۆ نیە و ئەوەش لە کاتێکدا جێبەجێ دەبێت کە کوردستان کە ئێستا ئامادەکاریی بۆ سەربەخۆیی دەکات، ببێتە بە دەوڵەت.