سەربازێکی کورد لە پادگانی شنۆ، بەشێوەی گوماناوی گیانی لەدەست دا

21:09 - 11 پووشپەڕ 2714
ئاژانسی کوردپا: سەربازێکی کوردی خەڵکی ناوچەی ورمێ، کەلە پادگانی شاری شنۆ سەرباز بوو، بەشێوەیەکی گوماناوی گیانی لەدەست دا.

بەپێی راپۆرتی ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، کەسێک بەناوی (فەرهاد شوشوزێوە)، کوڕی حەمید و خەڵکی گوندی (قەمشلوو)، کەلە شاری شنۆ سەرباز بووە، بە شێوەی گوماناوی و بە زەبری چەک گیانی لەدەست داوە.

لەو پەیوەندییەدا یەکێک لە نزیکانی بنەماڵەی فەرهاد، وێرای پشتڕاست کردنەوەی ئەم هەواڵە، بە ئاژانسی کوردپای راگەیاند؛ ئەو رووداوە کە رۆژی پێنج‌شەممەی رابردوو بووە، پاش چەند کاتژمێر لە رووداوەکە بەرپرسانی نیزامی لە رێگەی تەلەفۆنەوە بنەماڵەکەیان ئاگادار کردۆتەوە، کە بۆ وەرگرتنەوەی تەرمی کوڕەکەیان، سەردانی پادگانی شنۆ بکەن.

گوتیشی؛ فەرماندەرانی نیزامی لە پادگانی شاری شنۆ، هۆکاری گیان لەدەست دانی فەرهادیان خۆکوژی لە قەڵەم داوە، ئەوەش لە کاتێکدایە کە هاورێ سەربازەکانی فەرهاد دەڵێن، کاتێک چوونەتە سەر تەرمەکەی، هیچ جۆرە چەکێکی پێ نەبووە.

ئەو سەرچاوەیە روونیشی کردەوە؛ فەرهاد دوو گولـلە لە \"کەلەکە\"ی دراوەو بە سەرنجدان بەو برینەی کە لە ئەنجامی ئەو دوو گولـلەیەدا هەڵی گرتووە، لە مەودای چەند میترییەوە تەقەی لێکراوە.

دەشڵێت: فەرهاد هیچ کێشەیەکی دەروونی و جەستەیی نەبووە، بۆیە بە هیچ شێوەیەک پێناچێت کە ئەو رووداوە خۆکوژی بووبێت و ئەگەری زۆرە بەهۆکارێکی ناڕوون گیانی لێ ئەستێندرابێت.