سەربازێکی کورد لە شاری کامیاران خۆی کوشت

13:18 - 19 پووشپەڕ 2717
ئاژانسی کوردپا: سەربازێکی کورد بە هۆی کێشەی بنەماڵەییەوە لە شاری کامیاران سەر بە پارێزگای سنە کۆتایی بە ژیانی خۆی هێنا.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، ڕۆژی شەممە ١٧ی پووشپەڕ، سەربازێکی کورد خەڵکی کامیاران لە ڕێگای خۆهەڵواسینەوە هەوڵی خۆکوژی دا.

هەواڵنێری کوردپا شوناسی ئەو هاووڵاتییە کوردە بە\" موجتەبا ئەحمەدی\" کوڕی مورتزا ئەحمەدی ڕاگەیاندووە.

سەرچاوەیەکی ئاگادار لەو بارەیەوە بە ئاژانسی کوردپای ڕاگەیاندووە: خۆکوژی ئەو لاوە کوردە بە هۆی کێشەی بنەماڵەییەوە بووە.

\"\"ئەو سەرچاوەیە هەروەها ئەوەشی بە ئاژانسی کوردپا ڕاگەیاندووە: ئەو سەربازە کوردە بە هۆی جیابوونەوەی باوک و دایکی لە یەکتر و هەروەها دەستکورتی هەوڵی خۆکوژی داوە.

دەوترێ باوکی ئەو لاوە کوردە فەرمانبەری ئیدارەی پەروەردە و بارهێنانی شاری کامیاران بووە.

زۆربەی ئەو کەسانە کە کۆتایی بە ژیانی خۆیان دێنن یان هەوڵی خۆکوژی دەدەن، هەست بە پەراوێز خستن، زیان وێکەوتوویی، دۆڕاندن و بێ نرخ بوون دەکەن بۆیە هەوڵی خۆکوژی دەدەن.

خۆکوژی دووهەمین هۆکاری مردن لە نێو لاوان لە جیهان لە نێوان تەمەنی ١٥ هەتا ٢٥ ساڵ پاش ڕووداوی هاتوچۆ بە ئەژمار دێت و ساڵانە لە جیهاندا نزیکەی یەک میلیۆن کەس بە هۆی خۆکوشتنەوە گیانیان لە دەست دەدەن.

خوێنەرانی خۆشەویستی ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، ئەم هەواڵە پێشتر بەشێوەیەکی هەڵە بەناونیشانی \" قوتابییەکی دواناوەندی لە شاری کامیاران خۆی کوشت\" داڕێژرا و بڵاو کرایەوە کە لەم ڕێگەیەوە داوای لێبووردن لە ئێوەی خۆشەویست دەکەین.