سەربازێکی کورد بە ١٥ ساڵ زیندان و دوورخرانەوە بۆ بەندر عەباس مەحکووم کرا

15:20 - 11 رەشەمه 2718
ئاژانسی کوردپا: دادسەرای نیزامیی شاری مەریوان، سەربازێکی کوردی خەڵکی ئەو شارەی بە ١٥ ساڵ زیندان و دووخرانەوە بۆ زیندانی بەندەرعەباس مەحکووم کرا.

بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، \"تەحسین پیروزی\" تەمەن ٢٠ ساڵ کوڕی تەعلیم خەڵکی گوندی \"سەردۆش\"ی شاری مەریوان، لە لایەن دادسەرای نیزامیی ئەو شارەوە بە ١٥ ساڵ زیندان و دوورخرانەوە بۆ زیندانی بەندەرعەباس مەحکووم کرا.

حوکمی ئەو زیندانییە کوردە، بە ئامادەبوونی پارێزەری دیاری کراوە بڕدراوەتەوە و ناوبراو سەبارەت بەو حوکمە ناڕەزایەتی دەربڕێووە.

دادسەرای نیزامیی شاری مەریوان ئەو سەربازە کوردەی بە تۆمەتی \"سیخوڕی و هاوکاری لەگەڵ یەکێک لە حیزبە کوردییەکانی دژبەری حکوومەتی ئێران مەحکووم کردووە.

ئەو سەربازە کوردە کە لە پایگای سەردۆش، سەرباز بووە، ڕێکەوتی ٢٤ی خەزەڵوەری ئەمساڵ لە لایەن ئیتلاعاتی سپای پاسدارانەوە بە تۆمەتی \"هاوکاری لەگەڵ یەکێک لە حیزبە کوردییەکانی ئۆپوزسیونی حکوومەتی ئێران\" دەسبەسەر و بۆ لێپرسیەنەوە ڕەوانەی گرتنگەی ئەو ئیدارەیە کراوە.

تەحسین پیروزی، هەنووکە لە زیندانی مەریوان دایە و چاوەرێی کۆتا بڕیاری دادگایە.