سەربازێکی سەقزی لە پادگانی شاری بانەدا، کۆتایی بە ژیانی خۆی هێنا

15:44 - 21 گەلاوێژ 2719
ئاژانسی کوردپا: سەربازێکی کوردی خەڵکی شاری سەقز، لە پادگانی شاری بانەدا خۆی کوشت.

بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، ڕۆژی شەممە، ١٩ی گەلاوێژ، سەربازێکی سەقزی بە ناوی \"ڕێبوار سابیری\"، کوڕی عەبدولڕەحمان،، بە هۆکاری نادیار، کۆتایی بە ژیانی خۆی هێنا.

سەرچاوەیەکی ئاگادار لەو بارەیەوە بە ئاژانسی کوردپای ڕاگەیاند: \"ئەو سەربازە کوردە، چوار مانگی مابوو کە سەربازییەکەی تەواو بکات کە کۆتایی بە ژیانی خۆی هێنا\".

سەرچاوەی کوردپا هەروەها ڕایگەیاند: \"خۆکوشتنی ئەو سەربازە کوردە گومانئاوییە و لە کاتی شۆردنی تەرمی ئەو سەربازە کوردە، دەرکەوتووە کە ناوبراو لە پشتەوە تەقەی لێکراوە و ئەگەری هەیە کە کوژرا بێت\".

ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، کوژرانی ئەو سەربازە کوردە لە پایگای سپای پاسداراندا، پشتڕاست ناکاتەوە.

پەرەسەندنی خەسارە کۆمەڵایەتییەکان، زۆرەملیبوونی ماوەی سەربازی و بارودۆخی نالەباری سیاسی و ئابووریی ئێران، لە هۆکارەکانی سەرەکیی ڕەوتی خۆکوژیی سەربازان لە پادگانەکان دێتە ئەژمار.