سەربازێکی تەورێزی بەهۆی تەقینەوەی مین لە سەردەشت کوژرا
11:50 - 24 جۆزەردان 2722
سەرلەبەیانیی ئەمڕۆ ٢٤ی جۆزەردان، سەربازێکی خەڵک شاری ئەهەر سەر بە پارێزگای تەورێز، بە ناوی "مەهدی بەرزگەر" بەهۆی تەقینەوەی مین کوژرا.
فەرمانداری سەردەشت لە وتووێژ لەگەڵ "ئیرنا" ڕایگەیاند: "ئەو سەربازە گرووهبان یەکەم بووە و لە ناوچەی بێورانی سەردەشت، بەهۆی تەقینەوەی مین گیانی لەدەست داوە".
لەو پەیوەندییەدا، ڕۆژی یەکشەممە ٤ی بانەمەڕ، سەربازێک بە ناوی "عادڵ قوربانی" کوڕی "عەلی" و خەڵکی شاری ماکۆ، بەهۆی تەقینەوەی مین لە پادگانی لەشکری ٢٨ی پیادەی کوردستان، گیانی لەدەست دابوو.
بەپێی ئاماری ناوەندی ئاماری ڕێکخراوی مافی مرۆیی کوردپا، لە سەرەتای ساڵی ١٣٩١ هەتا کۆتاییەکانی ساڵی ١٤٠٠، ٤٠٢ غەیرە نیزامی لە کوردستان بوونەتە قوربانیی مین و کەرەستە تەقەمەنییەکانی شەڕی ئێران و عێراق (١٠٣ کوژراو و ٢٩٩ بریندار).