سەربازێک بەهۆی تەقینەوەی مین لە پادگانی لەشکری ٢٨ی پیادەی کوردستان گیانی لەدەست دا

17:17 - 5 بانەمەڕ 2722

ڕۆژی یەکشەممە ٤ی بانەمەڕ، سەربازێک بە ناوی "عادڵ قوربانی" کوڕی "عەلی" و خەڵکی شاری ماکۆ، بەهۆی تەقینەوەی مین لە پادگانی لەشکری ٢٨ی پیادەی کوردستان، گیانی لەدەست دا.

بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، ئەو ڕووداوە کاتژمێر ١ی دوانیوەڕۆ لە دەوروبەری پادگانی لەشکری ٢٨ی پیادەی کوردستان ڕوویداوە و عادڵ قوربانی بەهۆی قورسیی برینەکانیەوە لە ئاکامی ئەو تەقینەوەیە، دەسبەجێ گیانی لەدەست داوە.

ئەو سەرچاوەیە هەروەها ئەوەشی خستەڕوو: "عادڵ قوربانی لە بەشی جیهادی ئەرتش سەرباز بووە".

هەتا کاتی بڵاوبوونەوەی ئەم هەواڵە، هەواڵدەرییە ناخۆییەکانی حکوومەت و میدیاکانی سەر بە ئەرتش لە پەیوەندی لەگەڵ ئەو ڕووداوە هیچ ڕوونکردنەوەیەکیان نەداوە.

بەپێی ئاماری ناوەندی ئاماری ڕێکخراوی مافی مرۆیی کوردپا، لە سەرەتای ساڵی ١٣٩١ هەتا کۆتاییەکانی ساڵی ١٤٠٠، ٤٠٢ غەیرە نیزامی لە کوردستان بوونەتە قوربانیی مین و کەرەستە تەقەمەنییەکانی شەڕی ئێران و عێراق (١٠٣ کوژراو و ٢٩٩ بریندار).