٣٠ سەر ئەسپی کاسبکاران لەنێوچوون

15:07 - 6 گەلاوێژ 2719
ئاژانسی کوردپا: ٣٠ سەر ئەسپی کاسبکاران، بە تەقەی هێزە نیزامییەکان لە بەرزاییەکانی کێلەشیندا، لەنێوچوون.

بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، ڕۆژی شەممە، ٥ی گەلاوێژ، هێزە نیزامییەکانی حکوومەت لە بەرزاییەکانی کێلەشینی شاری شنۆدا، تەقەیان لە ژمارەیەک لە کاسبکارانی کورد کرد و لە ئاکامدا ٣٠ سەر ئەسپی کاسبکارانیان کوشت.

هێزە نیزامییەکان، پاش کوشتنی ئەسپەکان و دەسگرتن بە سەر شتومەکی کاسبکاراندا، لاشەی ئەسپە کوژراوەکانیان لەو شوێنەدا بەجێهێشتووە.

پێشتریش و لەم پەیوەندییەدا، ئەنجومەنی پاژینی شاری بانە، خوازیاری هەڵسوکەوتی یاسایی لەگەڵ تاوانبارانی کوشتنی ئەسپە بارهەڵگرەکانی کاسبکاران لە کوردستان بوون.