٢٢ سەر ئەسپی کاسبکاران لە سنووری بانە لەناو چوون

20:50 - 26 خەزەڵوەر 2718
ئاژانسی کوردپا: هێزە نیزامییەکانی حکوومەتی ٢٢ سەر ئەسپی بارهەڵگری کاسبکارانیان بە تەقەی ڕاستەوخۆ لە سنووری ئەو شارە کوشت.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، شەوی هەینی ٢٥ی خەزەڵوەر، ٢٢ سەر ئەسپی کاسبکاران، بە هۆی تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە نیزامییەکانی حکوومەتی لە سنووری بانە بە کوشت چوون و لاشەکانیان لە دەشت و دۆڵ بەجێهێشتووە.

هێزە حکوومەتییەکان لە شوێنێک بە ناوی \"حوجرەی فەقیران\" تەقەیان لە ئەسپی بارهەڵگری کاسبکارانیان کردووە.

بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، هێزە نیزامییەکان پاش کوشتنی ئەسپی کاسبکاران دەستیان بە سەر شتومەکی ئەو کاسبکارانەدا گرتووە.

بەپێی بەندی ئەلف لە ماددەی ٢ی یاسای قاچاخ، ئەگەر کەلوپەلی قاچاخ کە نرخەکەی لە ١ میلیۆن تمەن کەمتر بێت هیچ سزایەکی نییە و لە زۆربەی حاڵەتەکاندا ئەو کەلوپەلانەی کە کۆڵبەران هەڵی دەگرن لەو ڕێژەیە کەمترە کە ئەو سزایە بیانگرێتەوە، بۆیە دەبێ تەنیا کەلوپەلەکانیان زەوت بکرێت.

کاری کۆڵبەری و کاسبی کردن تاکە سەرچاوەی داهاتی خەڵکی ناوچە سنوورییەکانە، بەڵام ڕۆژانە لە لایەن هێزە نیزامییەکانی حکوومەتی ئیسلامیی ئێرانەوە سووکایەتیان پێ دەکرێ و زۆر جاریش بەرەوڕووی مەرگ دەبنەوە.