٤٥ سەر ئەسپی کاسبکاران بە تەقەی هێزە نیزامییەکان کوژران

16:16 - 8 خەرمانان 2718
ئاژانسی کوردپا: زیاتر لە ٤٠ سەر ئەسپی کاسبکاران لە شاری شنۆ بە تەقەی هێزە نیزامییەکانی حکوومەتی لە ناوچوون.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، ڕۆژی چوارشەممە ٧ی خەرمانان، هێزە نیزامییەکانی حکوومەتی لە گوندی \"میرئاوا\"ی شاری شنۆ ژمارەیەک لە کاسبکارانیان دایە بەر دەسڕێژی گوللە که لە ئاکامی تەقەی هێزە نیزامییەکانی حکوومەتیدا ٤٥ سەر ئەسپی کاسبکاران کوژران و لەناو چوون.

بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، هێزە ئینتزامییەکان پاش کوشتنی ئەسپی بارهەڵگری ئەو کاسبکارانە، دەستیان بە سەر کەلوپەلی کاسبکاراندا گرتووە و لەگەڵ خۆیان بردوویانە.

ئەو سەرچاوەیە هەروەها دەڵێت: لاشەی ئەسپە کوژراوەکان پاش لە ناوچوونیان بە تەقەی هێزە نیزامییەکان لەو شوێنەدا فڕێ دراون و ئەمەش بووەتە هۆی پیسبوونی ژینگەی ئەو ناوچەیە.

بەپێی بەندی ئەلف لە ماددەی ٢ی یاسای قاچاخ، ئەگەر کەلوپەلی قاچاخ نرخەکەی لە ١ میلیۆن تمەن کەمتر بێت، هیچ سزایەکی نییە و لە زۆربەی حاڵەتەکاندا ئەو کەلوپەلانەی کە کۆڵبەران هەڵی دەگرن لەو ڕێژەیە کەمترە کە ئەو سزایە بیانگرێتەوە، بۆیە دەبێ تەنیا کەلوپەلەکانیان زەوت بکرێت.