٢٩٠ سەر مەڕ و ماڵاتی هاووڵاتییان، بەهۆی ئاگرکەتنەوە لەنێو چوون

15:48 - 28 گەلاوێژ 2719
ئاژانسی کوردپا: بەهۆی ئاگرکەوتنەوە لە لەوەڕگەکان و دەشتەجاڕی دوو گوندی کامیاران، ٢٩٠ سەر ئاژەڵ لەنێو چوون.

ئاگرکەوتنەوە لە لەوەڕگەی گوندەکانی \"مەجیاوا و وشترمل\" لە ناوچەی مووچشی سەر بە شاری کامیاران، بوو بە هۆی سووتانی ٧ هێکتار لەوەڕگە و هەروەها ٢٩٠ سەر ئاژەڵی ئەو دوو گوندە لەنێو چوون.

ئەو ئاگرکەوتنەوەیە، دوانیوەڕۆی ڕۆژی یەکشەممە ڕوویداوە و سەرەڕای سووتانی ٧ هێکتار لە لەوەڕگە و دەشتەجاڕی ئەو دوو گوندە، ٢٩٠ سەر ئاژەڵی ئاژەڵداران لەنێو چوون.

لە لایەکی دیکەوە، سەرچاوە خۆجێییەکانی شاری نەغەدە باسیان لە ئاگرگرتنی شاخی \"سوڵتان یەعقووب\"ی ئەو شارەیان کرد کە بەهۆی هەڵکردنی \"با\"، ئاگرەکە پەرەی سەند و خەسارێکی زۆری بە ژینگەی ئەو ناوچەیە گەیاند.

خەڵکی گوندەکانی دەروروبەری شاخی سوڵتان یەعقووب، داوایان لە هاووڵاتییان کردبوو کە بە هانایانەوە بچن.

ئەو ئاگرکەوتنەوانە لە مێژەوە بە شێوەی ئاشکرا لە لێڕەوارەکان، لەوەڕگەکان و دەشتەجاڕەکانی کوردستان دەستی پێکردووە و ساڵانه بەهۆی سووتانی دارستان و لەوەڕگەی ناوچەکانی کوردستان، بەشێکی زۆر لە شوێنێ حەوانەوەی گیانلەباران و ئێکۆسیستمی ناوچەکە لەنێو دەچێت.