سەر بازێکی بۆکانی لە شاری ڕوانسەر کوژرا

21:24 - 4 خەرمانان 2716
ئاژانسی کوردپا:سەر بازێکی بۆکانی لە شاری ڕوانسەر لە لایەن فەرماندەی پادگانەکەیەوە لە شوێنی سەبازیەکەی کوژرا.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، ئەو سەربازە، خەڵکی گوندی \"کارێزی مەحموود ئاوا\"ـی شاری بۆکان، بە تەقەی فەرماندەی پادگانی شاری ڕوانسەر گیانی لە دەست داوە.

هەواڵنێری کوردپا لە شاری بۆکان شوناسی ئەو سەربازە کوردەی بە ناوی\"سەید مەحیەدین حوسێنی\" کوڕی سەید عەبدوڵڵا ڕاگەیاندووە.

بە وتەی یەکێک لە نزیکەکانی بنەماڵەی حوسێنی، هەتا ئێستا فەرماندەی پایگای شاری ڕوانسەر سەبارەت بە چۆنیەتی ڕوودانی ئەو ڕووداوە، وڵامێکی بە بنەماڵەی حوسێنی نەداوەتەوە.

ناوبراو بە ئاژانسی کوردپای ڕاگەیاند: بەرپرسانی حکوومەتی لە کاتی دانەوەی تەرمی سەید مەحیەدین حوسێنی بە بنەماڵەکەی پارەی گوللەکەیان وەرگرتووتەوە.

بەپێی ئەو سەرچاوەیه، ئەو هەوڵە دەتوانێ بەو واتایە بێت کە کوشتنی ئەو سەربازە کوردە، نەک وەک ڕووداوێکی نەخوازراو، بەڵکوو جۆرێک لە ئێعدام‌کردن بە ئاژمار بێت.

هەروەها لە ڕێکەوتی ٢٣ گەلاوێژ، ئیسماعیل بستامی کوڕی فایق یەکێک لە سەربازەکانی پایگای ئینتزامیی گوندی \"بەردەڕەشە\" سەر بە بەخشی\"خاو و میراوا\" بە هۆی بەرکەوتنی گوللەیەک لەلای سەریەوە گیانی لە دەست دا.

ئەو لاوە تەمەن ٢٢ ساڵە خەڵکی گوندی\" لاوێسان\"ی شاری مەریوان دوایین ڕۆژەکانی تەواوبوونی خزمەتی سەربازی تێپەڕ دەکرد.