سەختیی ژیان، خۆکوژیی ژنێکی پیرانشاری لێکەوتەوە

20:34 - 11 گەلاوێژ 2714
ئاژانسی کوردپا: بە خۆسووتاندنی ژنێک لە ناوچەی پیرانشار، ئاماری خۆکوژیی ژنانی کورد لە ناوچە کوردنشینەکانی ئێران، لە سەرەتای ئەمساڵەوە هەتا ئێستا، گەیشتە ٢٧ کەس.

بەپێی راپۆرتی ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، ژنێکی کوردی خەڵکی پیرانشار بەناوی نەسرین حوسێن‌پوور بەهۆی سەختیی باری گوزەران و ژیان ئاگری لە جەستەی خۆی بەردا.

نەسرین حوسێن‌پوور کە خێزانداریش بووە، رۆژی چوارشەممەی رابردوو لە رێگەی خۆسووتاندنەوە هەوڵی خۆکوژی داوەو بۆ چارەسەریی برینەکانی رەانەی یەکێک لە ناوەندە دەرمانییەکانی ورمێ کراوە.

دەگوترێت، زۆربەی ئەندامانی لەشی ئەو ژنە سووتاون و پزیشکەکانیش باری تەندروستیی ناوبراویان نالەبار راگەیاندووە.

بەپشت بەستن بەو ئامارانەی کە لە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا تۆمار کراون، لە وەرزی بەهاری ئەمساڵدا ٢١ ژن هەوڵی خۆکوژییان داوە، کە تەنیا یەک کەسیان هەوڵی خۆکوشتنەکەی سەرکەوتوو نەبووە.

هەر بەپێی ئەو ئامارانە، لە وەرزی هاوینی ئەمساڵیشدا ٦ ژن پەنایان بۆ خۆکوژی بردووە، کە ٥ کەسیان لە ئەنجامی هەوڵی خۆکوژییەکەیاندا، گیانیان لەدەست داوە.

سەرەڕای ئەوەی هەواڵی خۆکوژیی ژنان لە میدیا ناوخۆییەکانەوە رووماڵ ناکرێن، لە زۆربەی حاڵەتەکانیشدا خۆکوژیی ژنان لەلایەن کەسوکاریانەوە پەردەپۆش دەکرێن، بۆیە ئەم ئامارەی ئاژانسی کوردپا رێژەییەوەو دەکرێ ئاماری راستەقینە لەو رێژەیەش زیاتر بێت.