"سەحەر کازمی" پاش تەواوبوونی ماوەی زیندانییەکەی ئازاد کرا

17:34 - 22 رەشەمه 2719

ڕۆژی پێنجشەممە ٢٢ی ڕەشەمە، "سەحەر کازمی"، چالاکی مەدەنی و ژینگەپارێزی، پاش تەواوبوونی ماوەی زیندانییەکەی لە بەندی ژنانی زیندانی سنە ئازاد کرا.

ئەو چالاکە مەدەنییە مانگی بەفرانباری ساڵی ٩٧، لەلایەن لقی یەکی دادگای ئینقلابی سنە، بە سەرۆکایەتی "سەعیدی"، بە تۆمەتی "هەوڵدان دژی تەناهی نەتەوەیی" بە ٥ ساڵ زیندانیی تەعزیری مەحکووم  کرابوو کە ئەو حوکمە لەلایەن لقی ٤ی دادگای پێداچوونەوەی سنەوە بۆ ٢٠ مانگ کەم کرایەوە.

"سەحەر کازمی"، ڕۆژی پێنجشەممە ١٨ی گەلاوێژی ٩٧،  لەلایەن هێزە ئیتلاعاتییەکان دەسبەسەر کرا، هەروەها، ڕۆژی پێنجشەممە ٢٤ی خەزەڵوەر، "مادێح فەتحی" هاوژینی "سەحەر کازمی"، چالاکی مەدەنی و دایکی ئەو چالاکە مەدەنییە بە ناوی "مەهوەش ئەمیری"، پاش بانگهێشتکردنیان بۆ ئیدارەی ئیتلاعاتی سنە دەسبەسەر کرابوون.

ڕۆژی شەممە ٣ی سەرماوەزی ساڵی ٩٧، "سەحەر" بە شێوەی کاتی ئازاد کرا و پاش حەوتوویەک دووبارە دەسبەسەر کرا و گەڕێندرایەوە زیندان.