سەحەر کازمی و هاوژینەکەی هەروەها لە دەسبەسەریدان

15:04 - 21 بەفرانبار 2718
ئاژانسی کوردپا: چالاکێکی مەدەنیی کورد خەڵکی شاری سنە بۆ بەندی ژنانی زیندانی ئەو شارە ڕاگوێزراو هەروەها هاوژینەکەشی لە گرتنگەی ئیدارەی ئیتلاعات لە ژێر لێکۆڵینەوە دایە.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، \"سەحەر کازمی\"، چالاکی مەدەنیی کورد، پاش دەسبەسەر کردنی لە ڕۆژی یەکشەممە ١١ی سەرماوەز، بەبێ حوکم بۆ بەندی ژنانی زیندانی شاری سنە گوێزراوەتەوە و هاوژینەکەشی مادیح فەتحی، هەروەها لە گرتنگەی ئیدارەی ئیتلاعاتی شاری سنە لە ژێر لێکۆڵینەوە دایە.

یەکێک لە نزیکانی ئەم دوو هاووڵاتییە کوردە بە هەواڵنێری کوردپا لە شاری سنە ڕایگەیاند: ئەم دوو هاووڵاتییە کوردە، لە ماوەی دەسبەسەر کرانیاندا، لە گرتنی پارێزەر و چاوپێکەوتن لەگەڵ بنەماڵەکانیان بێبەری کراون.

ڕۆژی یەکشەممە ١١ی سەرماوەز، \"سەحەر کازمی\"، چالاکی مەدەنیی کورد خەڵکی شاری سنە، پاش سەردانی بۆ دادگوستەری ئەو شارە، دووبارە دەسبەسەر کرایەوە.

ڕۆژی شەممە ٣ی سەرماوەز، سەحەر کازمی، کە ڕۆژی ١٨ی گەلاوێژی ئەمساڵ لە لایەن ‌هێزە ئیتلاعاتییەکانەوە دەسبەسەر کرابوو، بە شێوەی کاتی لە گرتنگە ئازاد کرا.

ڕۆژی پێنجشەممە ١٨ی گەلاوێژ، هێزە ئیتلاعاتییەکان بە‌بێ بەڵگەی یاسایی هێرشیان کردووەتە سەر ماڵی \"سەحەر کازمی\" و پاش پشکنینی ماڵەکەی، ناوبراویان دەسبەسەر کردووە.

هەروەها، ڕۆژی پێنجشەممە ٢٤ی خەزەڵوەر، \"مادێح فەتحی\" هاوژینی سەحەر کازمی چالاکی مەدەنیی و دایکی ئەو چالاکە مەدەنییە \"مەهوەش ئەمیری\" پاش بانگهێشتکردنیان بۆ ئیدارەی ئیتلاعاتی شاری سنە دەسبەسەر کراون.

مادێح فەتحی، لە خەزەڵوەری ساڵی ڕابردووش، لە لایەن هێزە ئیتلاعاتییەکانەوە دەسبەسەر کرا و بۆ ماوەی سێ مانگ لە ژووری تاکەکەسیی ئیدارەی ئیتلاعاتی شاری سنە لێپرسینەوەی لەگەڵ کرابوو.