سەحەر سەعادەتی لەلایەن کەسانی \"سەرەڕۆ\"وە سووکایەتی پێکرا

16:02 - 4 خەزەڵوەر 2714
ئاژانسی کوردپا: چالاکێکی مافی مرۆڤ و ژنان لە شاری بۆکان، بەهۆی وەڕێخستن و چالاکی نواندن لە کەمپەینی یارمەتی کۆکردنەوە بۆ خەڵکی کۆبانی سووکایەتی پێکرا.

بەپێی راپۆرتی ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، سەحەر سەعادەتی، چالاکی مافی مرۆڤ و ژنان لە شاری بۆکان، کە چەند رۆژ پێش ئێستا هاورێ لەگەڵ دوو کەس لە چالاکانی مەدەنی و مافی مرۆڤی ئەو شارە بە مەبەستی یارمەتی کۆکردنەوە بۆ خەلکی کۆبانی کەمپەینی \"کۆبانی بەتەنیا جی ناهێڵێن\"ی وەرێخستبوو، بەرەوڕووی سووکایەتیی و جنێوی هێزە سەرەڕۆکان بوویەوە.

هەواڵنێری کوردپا لە شاری بۆکان رایگەیاند؛ سووکایەتی پێکردنی ئەو هێزانە بە سەحەر سەعادەتی لە کاتێکدایە، کە ئەو چالاکانە بە مۆڵەتی فەرمیی فەرمانداری شاری بۆکان چالاکییەکانیان دەست پێکردووەو یارمەتی بۆ خەڵکی کۆبانی کۆ دەکەنەوە.

دەگوترێ، کەمپەینەکە لە شاری بۆکان بەرەوڕووی پێشوازیی گەرمی هاووڵاتییان بۆتەوە و هێزە سەرەڕۆکان بەمەبەستی رێگری کردن لە چالاکیی کەمپەینەکە سووکایەتییان بە سەحەر سەعادەتی کردووە.

کەمپەینی کۆبانی بەتەنیا جی ناهێڵێن، کە رۆژی چوارشەممەی حەفتەی رابردوو بە هاوکاریی نەرمین شیخەلئیسلامی دەستی بە چالاکی کردووە و لەلایەن رەزا شەریفی بۆکانی، چالاکی مافی مرۆڤەوە سەرپەرستی دەکرێ.

کەمپەینی کۆبانی بەتەنیا جی ناهێڵێن، لە کاتێکدا بڕیاربوو، لەلایەن مانگی سووری شاری بۆکانەوە بە پێدانی خێمە هاوکاری بکرێ، هەتا ئێستا هاوکاری نەکراوەو کەمپەینەکە بەبێ هاوکاریی لایەنە پەیوەندیدارەکان لەسەر چالاکییەکانی خۆی بەردەوامە.