سێیەمین کۆڵبەری کورد لە ئەم ساڵدا بە هۆی سەرماوە ڕەق هەڵات

19:59 - 23 بەفرانبار 2717
ئاژانسی کوردپا: کۆڵبەرێکی کورد، خەڵکی شاری نەغەدە بە هۆی سەرما و سۆڵەوە، گیانی لە دەست دا.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، کۆڵبەرێکی کورد، بە ناوی \"سلێمان خزری\"، تەمەن ٣٧ ساڵ، کوڕی حوسێن، خەڵکی گوندی \"کانی مام سەیدە\"ی سەر بە شاری نەغەدە، بە هۆی سەرمابردووییەوە گیانی لەدەست دا.

\"\"
سلێمان خزری
ئەم کۆڵبەرە کوردە، دوو ڕۆژ پێش بە هۆی سەرما و سۆڵە لە بەرزاییەکانی شاخی پیرانشار گیانی لەدەست دابوو و ئەمڕۆ شەممە ٢٣ی بەفرانبار، تەرمی ناوبراو لە لایەن دانیشتوانی ناوچەکەوە دۆزرایەوە.

لە ماوەی ئەم ساڵدا، دوو کۆڵبەری دیکە کورد، بە ناوەکانی \"هیوا مستەفەوی\" و \"ئیدریس بایزیدی\" بە هۆی سەرما و سۆڵەوە گیانیان لەدەست دابووە.

بە گیان لەدەستدانی ئەم کۆڵبەرە کوردە، ئەمە سێیەمین کۆڵبەری کوردە لە ئەم ساڵدا، بە هۆی سەرمابردووییەوە گیانیان لە دەست داوە.

زستانی ساڵی ڕابردوو، لانیکەم ٨ کۆڵبەری کورد، لە سنوورەکانی کوردستان بەتایبەتی شارەکانی سەردەشت، پیرانشار و ورمێ بە هۆی سەرمای زۆرەوە گیانیان لە دەست داوە.