سێیەمین کۆمەڵە شێعری فەریدوون ئەرشەدی چاپ کرا

20:27 - 20 بەفرانبار 2717
ئاژانسی کوردپا: سێیەمین کۆمەڵە شێعری فەریدوون ئەرشەدی، شاعێری ناسراوی کورد لە لایەن بڵاڤۆکی \"مانگ\" چاپ و بڵاو کرایەوە.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، سێیەمین کۆمەڵە شێعری فەریدوون ئەرشەدی، خەڵکی کوردستانی ڕۆژهەڵات و دانیشتووی وڵاتی ئاڵمان، لەژێر ناوی \"دەمگرن ڕۆژێ بە شەرابی پێکەنینەوە\" چاپ و کەوتە بەر دیدی خوێنەرانەوە.

ئەو شاعێرە کوردە، ئەم کۆمەڵە شێعرەی لە ساڵەکانی ٨٣ و ٨٤ی هەتاوی، لە وڵاتی ئاڵمان هۆنیوەتەوە و لە چوارچێوەی کتێبێکی ٨٢ لاپەڕەیدا لە لایەن بڵاڤۆکی \"مانگ\" بە تیراژی ١٠٠٠ بەرگ چاپ و بڵاو کرایەوە. پێشتریش، دوو کۆمەڵە شێعری ئەم شاعێرە کوردە لەژێر ناونیشانی \"نامەکانی غوربەت\" و \"بەرد\" چاپ و بڵاو کراوە.

نامەکانی غوربەت چاپی یەکەمی لە ساڵی ٩٤ی هەتاوی و لە ٣٠یەمین پێشانگای نێونەتەوەیی کتێب لە شاری تاران کەوتە بەردەست هۆگرانی وێژەی کوردییەوە.

فەریدوون ئەرشەدی، ساڵی ١٣٤٠ هەتاوی، لە شاری سنە لەدایک بووە و لە ساڵی ٧٣ هەتا ٧٧ی هەتاوی، وەکوو کارناسی فەرهەنگی و ئەدەبی لە شارەکانی سنە، سەقز، تاران و ورمێ خەریکی چالاکی بووە.

ناوبراو هەروەها لە گۆڤارەکانی \"سروە\" و حەوتوونامەی \"سیروان\" و تەلەفزیۆنی کوردیدا چالاکی هەبووە و لە ساڵی ٨٢ی هەتاوییەوە لە وڵاتی ئاڵمان نیشتەجێ بووە.

ئەو شاعێرە کوردە، سەرەتا بە زمانی فارسی شێعری هۆنیوەتەوە و لە ساڵی ٦٣ی هەتاوی بەملاوە، زۆربەی شێعرەکانی بە زمانی کوردی هۆنیوەتەوە.