سێیەمین خولی فێستیڤاڵی فیلمی نا بۆ توندوتیژی لە شاری هەولێر بەڕێوە چوو

15:44 - 9 سەرماوەز 2712
ئاژانسی کوردپا: لە سێیەمین خولی فێستیڤاڵی فیلمی نا بۆ توندوتیژی کەلە شاری هەولێر بەڕێوە چوو، ٥١ فیلمی سینەماکارانی کورد و بیانی، نمایش کران.

بەپێی راپۆرتی راگەیاندنی گشتیی ئەو فێستیڤاڵە، لە ماوەی ٤ رۆژ بەڕێوە چوونی فێستیڤاڵی فیلمی \"نا بۆ توندوتیژی\" کە رۆژی ٥ی سەرماوەز دەستی پێکرد،٤ فیلمی سینەمایی و ٤٧ کورتە فیلمی چیرۆکی و دیکیۆمێنتاری کوردی و بیانی لە دوو بەشی پێشبڕكێ و دەرەوەی پێشبڕكێ لە هۆڵی میدیای شاری هەولێر پێتەختی هەرێمی كوردستان نمایش کران.

\"9950.jpg\"
عەدنان عوسمان سەرۆكی سێیەمین خولی فێستیڤاڵی فیلمی \"نا بۆ توندوتیژی\" لە هەولێر، لە دەسپێکی رێوڕەسمەکەدا سەبارەت بە دەست پێكردنی سینەما لە هەرێمی كوردستان دوای رووخانی حکوومەتی بەعس گوتی: دوای ئەم قۆناغە ٣٥ فیلمی سینەمایی لە كوردستان بەرهەمهاتووە و نزیكەی ١٠٠ خەڵاتی نێودەوڵەتیی بەم فیلمانەوە گەڕاوەتەوە بۆ هەرێمی كوردستان و هەروەها نزیكەی ١٠٠٠ كورتە فیلم بەرهەمهاتووە و زیاتر لە ٣٠٠ خەڵاتی جیهانی بە سینەماكاری كورد بەخشراوە.

\"9949.jpg\"
لە رۆژانی بەڕێوە چوونی سێیەمین خولی فێستیڤاڵی فیلمی \"نا بۆ توندوتیژی\" لە هەولێر تێکڕای كورتە فیلم و فیلمی سینەماییەکانی سینەماكارانی كورد و بیانی لەلایەن لێژنەی داوەرانەوە هەڵسەنگێنران.

هەروەها براوەكانی سێیەمین خولی فێستیڤاڵی فیلمی \"نا بۆ توندوتیژی\" لە چەندین بەشی باشترین فیلمی دیكیۆمێنتاری، باشترین كورتە فیلم، باشترین مۆنتاژ، مووزیك، دەرهێنان، وێنەگرتن، باشترین ئەكتەری كچ و كوڕ و لەلایەن ئەندامانی لێژنەی دادوەرانەوە ئێوارەی رۆژی ٨ی سەرماوەز دەست نیشان کران.