سێ‌چالاكی مەزهەبیی كورد بە سێدارە مەحكووم كران

15:24 - 8 بانەمەڕ 2714
ئاژانسی كوردپا: دەزگای قەزایی حكوومەتی ئیسلامیی ئێرانحوکمی لەسێدارەدانی بۆ سێ‌هاووڵاتیی كوردی سوننی مەزهەب بڕییەوە و هاوكات پشتیوانی لەچالاكێكی مەزهەبیی دیكەی كوردیش كراوە.

بەپێی هەواڵی ئاژانسی هەواڵدەریی كوردپا، سێ‌لاوی كورد بەناوەكانی ئومید پەیوەند كوڕی مەحموود، ئەمجەد ساڵحی كوڕی فایق و كەیوان كەریمی كوڕی رەحیم لە زیندانیی رەجایی شاری كەرەج حوکمی لەسێدارە درانیان بۆ بڕاوەتەوە.

ئەو حوكمە بە پارێزەری پەروەندەی ئەو سێ‌چالاكە مەزهەبییە راگەیەندراوە و هەنووكەش دۆسییەكانیان بۆ پێداچوونەوە رەوانەی دیوانی باڵای وڵات کراوە.

تاوانی ئەو هاووڵاتییە كوردانە \"موحاربە لەرێگەی چالاكیی تەبلیغی بە دژی نیزام\"‌ی دەسەڵاتدار لەئێران راگەیەندراوە.

\"19683.jpg\"
زیندانیانی سیاسیی رەجایی شار داوای هەڵوەشاندنەوەی حوکمی لەسێدارە دانی شەهرام ئەحمەدی دەکەن
لەلایەكی دیكەوە، هەشت كەس لەزیندانیانی سیاسیی گرتووخانەی رەجایی شاری كەرەج لەبەیاننامەیەكدا داوای هەڵوەشاندنەوەی حوکمی سێدارەی شەهرام ئەحمەدی، هاووڵاتیی سوننی مەزهەب‌یان کردووە.

ئەو زیندانیانە حوكمی لەسێدارە دانی شەهرامیان بێ‌بنەما و بێ‌بەڵگە و هەروەها بە دروست كردنی پەروەندەی درۆینیی و ساختە وەسف كردووە.

واژۆكارانی نامەكە داوایان لەناوەندەکانی مافی مرۆڤ كردووە، پێش بە بەڕێوەچوونی حوکمی لەسێدارەدانی بە كۆمەڵی هاووڵاتییان لەئێران بگرن.

خالید حەردانی، شاهرۆخ زەمانی، سەعید ماسووری، ساڵح كۆهەندڵ، ئەفشین حەیرەتیان، محەمەد بەنازادەی ئەمیرخیزی، میساق یەزدان نژاد و حەمید رەزا بۆرهانی لەو كەسانەن كە ناویان لەنامەكەدا هاتووە.

لەحاڵی حازردا سی هاووڵاتیی كوردی پەیڕەوی مەزهەبی سوننە لە زیندانەكانی رەجایی‌شار، قزڵحەسار و سنە چاوەڕوانیی جێبەجێ‌كردنی حوكمی لەسێدارەن و نێوەنجی تەمەننیان لە نێوان ٢٥ هەتا ٤٠ ساڵ دایە.

ناوەندی پشتیوانی لەمافی مرۆڤ رایگەیاندووە، حوكمی ئەو لاوە كوردانە لە دادگا دە خولەكیەیكاندا دراوە و بۆ ماوەیەكی دوورودرێژیش لە گرتنگەكانی وەزرارەتی ئیتلاعات لەژێر ئەشكەنجەدا بوونە.

ئەو كەسانە بۆ ماوەی ٩ هەتا ٢٨ مانگ لە ئێدارەی ئیتلاعات لەژێر لێکۆڵینەوەدا بوونە، کە سەرجەمیان پاش ساڵی ١٣٨٨ی دەستبەسەر کراون.