سێهەمین کرێکاری بۆکانی لە هەرێمی کوردستاندا بوو بە قوربانیی ڕووداوی کار

10:34 - 22 خەزەڵوەر 2719

ئاژانسی کوردپا: کرێکارێکی کوردی خەڵکی بۆکان، بەهۆی بەربوونەوە لە دەکەڵی کارەبا لە شاری هەولێردا، تووشی ڕووداوی کار بوو.

بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، ڕۆژی سێشەممە، ٢١ی خەزەڵوەر، کرێکارێکی بۆکانی بە ناوی "بەهمەن قادری"، بەهۆی ڕووداوی کارەوە لە شاری هەوڵێردا گیانی لەدەست دا.

ئەو کرێکارە کوردە، لە کاتی کارکردن لە دەکەڵی کارەبادا تووشی کارەباگرتوویی بووە و بەو هۆیەوە بەربووەتەوە و گیانی لەدەست داوە.

بە گیانلەدەستدانی ئەو کرێکارە کوردە، ئەمە سێهەمین کرێکاری بۆکانییە کە لە ماوەی ئەم چەند مانگەدا و لە هەرێمی کوردستاندا بووەتە قوربانیی ڕووداوی کار.