سێ‌هاووڵاتیی كورد كۆتاییان بەژیانی خۆیان هێنا

14:39 - 28 پووشپەڕ 2714
ئاژانسی كوردپا: سێ‌هاووڵاتیی كوردی خەڵكی شارەكانی ئیلام و مەهاباد لەرێگەی خۆسووتاندوون و خواردنی مادەی ژەهراوییەوە، خۆیان كوشتووە.

بەپێی راپۆرتی ئاژانسی هەواڵدەریی كوردپا، چەند رۆژ لەمەوبەر لەشاری ئیلام ژنێك بەناوی \"مریەم\" تەمەن ٣٠ ساڵ و خەڵكی شاری كرماشان لەرێگەی خۆسووتاندنەوە كۆتایی بەژیانی خۆی هێناوە.

ئەو ژنە خێزاندارە بووەو دوای یەك رۆژ مانەوە لەنەخۆشخانە، بەهۆی سەختی و پلەی زۆری سووتانەکەیەوە گیانی لەدەست داوە.

هەر لەو پێوەندییەدا مێرمنداڵێكی تەمەن ١٥ ساڵەی كوردیش لەشاری ئیلام هەوڵی خۆکوژیی داوە.

عەلی عەزیزی ئەو لاوە ئیلامییە بوو، كە بە خواردنی \"حەبی برنج\" دەستی داوەتە خۆكوژی و لەئەنجامدا گیانی لەدەست داوە.

لە روانگەی دەروونناسانەوە، ئەو خۆكوژیانەی كە لەئێران روو دەدەن بەپێچەوانەی حاڵەتەكاتی هاوچەشن لەوڵاتانی رۆژئاوا، خۆكوژی سەركەتوو (موفق)‌ن، واتا لە زۆربەی حاڵەتەكاندا تاكی خۆكوژ گیانی لەدەست دەدات.

\"21052.jpg\"
لەلایەكی دیكەوە لاوێكی تەمەن ٢٤ ساڵەی مەهابادیش رۆژی هەینی رێكەوتی ٢٧‌ی پووشپەڕ، کە ئاگری لە جەستەی خۆی بەردابوو، گیانی لەدەست دا.

ئیبراهیم عەلیزادە دانیشتووی گەڕەكی باغی شایەگانی مەهاباد، رێكەوتی ١٥‌ی پووشپەڕ خۆی سووتاندبوو، کە دوای ١٢ رۆژ مانەوە لەنەخۆشخانە گیانی لەدەست داوە.

دەگوترێت ئەو لاوە مەهابادییە بە هۆی كێشەی بنەماڵییەوە هەوڵی خۆکوژی داوە.

دیاردەی‌ئێعتیاد، تەڵاق، خوێندنی‌ناسەركەوتوو، ژیانی‌تاكەكەسی‌، كێشەی‌كۆمەڵایەتی، كێشەی ئابووری، بێكاریی، شەڕی‌بنەماڵەیی‌، روانینی‌كەرەسەیی (ابزار) كۆمەڵگە بۆ سەر ژنان ‌و كچان، لەو هۆكارانەن‌كە دیاردەی‌خۆكوژی‌لە نێو ژنان و پیاواندا پەرە پێداوە.

بە باوەڕی كۆمەڵناسان، باشتر كردنی پێوەندیی كۆمەڵایەتی، بە دامەزراوەیی كردنی هەر چی زیاتری ناوەندە خەڵكییەكان، پێكهێنانی خولی فێركاری بۆ بنەماڵەكان و بڵاو كردنەوەی بەرنامە فێركارییەكان لە میدیاكان، لەو رێگەیانان كە دەكرێ‌بە مەبەستی كەمكردنەوەی دیاردەی خۆكوژی كەڵكی لێ‌وەربگیردرێت.