سێناتۆرێکی ئامریکایی خوازیاری وڵامی توندی هێرش بۆ سەر مەقەڕەکانی حیزبی دێموکرات بوو

21:00 - 27 خەرمانان 2718
ئاژانسی کوردپا: سێناتۆرێکی ئامریکایی هێرشی مووشەکیی سپای پاسداران بۆ سەر بنکە و بارەگاکانی حیزبی دێموکراتی بە بەشێک لە هەوڵەکانی حکوومەتی ئێران بۆ نائەمن کردنی ناوچەکە زانی.

سێناتۆڕ مارکۆ ڕووبیۆ لە ئەندامانی باڵای سنای ئامریکا لە توویتێکدا هێرشی مووشکی سپای پاسداران بۆ سەر مەقەڕەکانی حیزبی دێموکراتی مەحکووم کرد و خوازیاری وڵامی توند بەو هێرشە مووشەکییەی حکوومەتی ئێران بوو.

ناوبراو دەڵێت: ئەم هەوڵەی حکوومەتی ئێران بەشێک لە هەوڵەکانی ئەم حکوومەتەیە بۆ دروست کردنی نائەمنی و تێکدانی ناوچەکەیە.

\"\"سێناتۆڕ مارکۆ ڕووبیۆ لە ئەندامانی باڵای سنای ئامریکا
عەلی‌ئەکبەر پوورجەمشیدیان، لە وتووێژێکدا لە \"دفاع پرس\" بە ئاماژەکردن بە هێرشی مووشەکی بۆ سەر بنکە و بارەگاکانی حدکا ڕایگەیاند: \"هێزە چەکدارەکان بەتایبەتی سپای پاسداران بەو هێزەی کە هەیانە، دەتوانن لە هەر بارودۆخێکدا، لە کاتێک کە وڵاتی ئێران بەرەوڕووی هەڕەشە ببێتەوە، ئەو هەڕەشانە بەهێزەوە وڵام بدەنەوە.

ڕۆژی شەممە، ١٧ی خەرمانان، بنکە و بارەگاکانی حیزبی دێموکرات لە شاری کۆیە لە قووڵایی خاکی هەرێمی کوردستان، لە لایەن سپای پاسدارانەوە مووشەکباران کرا، کە لەو مووشەکبارانەدا، ١٥ کادر و پێشمەرگەی حیزب کوژران و ٤٠ کەسی دیکەش بریندار بوون.