سێبەری خۆکوژییەکان باڵ بە سەر پیاوەکانیشدا دەکێشێت

14:48 - 2 خەزەڵوەر 2716
ئاژانسی کوردپا: لە ماوەی کەمتر لە یەک حەوتووی ڕابردوودا چوار هاووڵاتیی لە کوردستان کۆتاییان بە ژیانی خۆیان هێنا.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، دوو هاووڵاتیی کورد لە شاری قەسری شیرین بە ناوی \"مێهران حاتمی نێژاد\" بە چەکی ڕاو کۆتایی بە ژیانی خۆی هێناوە و هەروەها هاووڵاتییەکی دیکەش بە ناوی \"محەممەدڕەزا شادانفەر\" خۆی هەڵواسی و کۆتایی بە ژیانی خۆی هێنا.

ڕەزا شادانفەر خێزاندارە و لە ماڵەکەی خۆیدا کۆتایی بە ژیانی خۆی هێناوە.

هۆکاری خۆکوژی ئەو دوو هاووڵاتییەی خەڵکی شاری قەسری شیرین لە پاریزگای کرماشان ڕانەگەیەنراوە.

لە هەواڵێکی هاوشێوەشدا، تۆڕی مافی مڕۆڤی کوردستان باسی لە خۆکوژیی هاووڵاتییەکی دیکەی کورد لە شاری گیلان غەرب کردووە کە هەتا ئێستا شوناسی ئەو هاووڵاتییە ڕوون نەبووەتەوە.

هەر لەو پەیوەندییەدا ڕۆژی ٢٨ی رەزبەر لە شاری کامیاران، هاووڵاتییەک بە ناوی \"فەردین قوربانی\" بە هۆی کێشەی ماڵی و گیرۆدە بوون بە ماددەی سڕکەر، کۆتایی بە ژیانی خۆی هێناوە

بە بڕوای توێژەرانی کۆمەڵایەتی خۆکوژی ئاماژە بە ناسەقامگیری و نەخۆشیی درێژخایەن لەنێو کۆمەڵگەدا دەکات و زیاتریش ئەو کەسانە تیایدا دەبنە قوربانی کە تووشی دیاردە دزێوەکانی نێو ئەو جۆرە کۆمەڵگایانە بوون.

زۆر جار بە مەبەستی خۆ دزینەوە لە بەرپرسایەتی ئەو بێهیواییەی هاوڵاتییان، هەواڵی خۆکوژیی هاووڵاتییان لە کوردستانی ڕۆژهەڵات لەلایەن ماڵپەڕەکانی حکوومەتەوە ڕووماڵ ناکرێن.