سێ‌ ئەندامی بنەماڵەیەك لە ئەهواز ئیعدام كران/ دەست پێكردنی خوپیشاندانەكان

15:01 - 30 جۆزەردان 2712
كوردپا: دوانێوەرۆی رۆژی دووشەممە ناوەندێكی ئەمنیەتیی ـ قەزایی حكوومەتی ئیسلامیی ئێران لە ئەهواز لە پێوەندییەكی تلەفوونیدا هەواڵی ئیعدام كردنی سێ‌ هاووڵاتیی بە بنەماڵەكەیان راگەیاند.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی كوردپا، عەباس حەیدەرییان ناسراو بە (جاسم) جەمشید حەیدەریان( تەها) عەبدولرەحمان حەیدەریان ( ناسر) ئەو سێ‌ برایەن كە ئیعدام كراون.

ماوەیەك لەمەوبەر ژمارەیەك رێكخراوی نێودەوڵەتیی مافی مرۆڤ بۆ وێنە \"هیوم رایتس واچ\" و \" امنستی اینتر نشنال\" و پارلەمانی ئورووپا لە بەیاننامەیەكدا داواییان لە حكوومەتی ئیسلامیی ئێران كردبوو كە حوكمی ئیعدامی ئەو سێ‌ لاوە ئەهوازییە رابگرێت.

عەلی نعامی و ئەمیر معاوی دوو زیندانی دیكەن كە دۆسیەكانیان هاوچەشنی ئەو ئیعدام كراوانه‌ن و زیاتر لە یەك ساڵە دەستبەسەر كراون.

دوابەدوای بڵاو بوونەوەی هەواڵی ئیعدام كردنی ئەو سێ‌ برایە و تووڕە بوونی هاووڵاتیان لە ئەهواز، خەڵكی نیگەرانی چارە نووسی ( عەلی نعامی و ئەمیر معاوی) ن.

بە وتەی چالاكانی مافی مرۆڤ لە ناوچە عەرەب نشینەكانی ئێران، دەزگا ئەمنیەتیی و قەزاییەكانی ئێران لە ماوەی چەند ساڵی رابردوودا شەپۆلێكی بەربڵاو لە دەستبەسەر كردن و زەخت و گوشارییان بۆ سەر چالاكانی مافی مرۆڤ و جیا بیران دەست پێكردووە.

چالاكانی عەرەب لەو باوەڕەدان كە هێزە ئەمنیەتییەكان بە بەردەوامی چالاكانی سیاسیی عەرەب بە تاوانی جنایی و مەوادی موخەدێر دەستبەسەر دەكەن و ئامانج لەو كارەشیان كەم كردنەوەی زەخت و گوشارە نێودەوڵەتییەكان بۆ سەر خۆیانە.

هەتا چەند كاتژمێر بەر لە ئێستا ژمارەی ئیعدام كراوەكانی عەرەبی ئەهوازی سێ‌ كەس بوو بەڵام لە حالی حازردا هەواڵی ئیعدام كردنی 4 كەس بە چالاكانی مافی مرۆڤی ئەهوازی گەیشتووە.