سێ کەس لە ئەندامانی بنەماڵەی قوربانییانی فڕۆکە ئۆکراینییەکە بانگهێشتی ئیتلاعاتی سپا کران

11:17 - 27 بەفرانبار 2719

ئاژانسی کوردپا: سێ کەس لە ئەندامانی بنەماڵەی "ئاروین مورەتەب و ئایدا فەرزانە"، لە قوربانییانی  فڕۆکەی موسافیربەریی ئۆکراینی کە کرایە ئامانجی پەدافەندی ئاسمانیی سپای پاسدارانی ئێران، بانگهێشتی ناوەندی هەواڵگریی ئیتلاعاتی سپای ئێران لە سنە کران.

بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، ڕۆژی پێنجشەممە، ٢٦ی بەفرانبار، ستادی خەبەریی ئیتلاعاتی سپای پاسداران لە سنە، سێ کەس لە ئەندامانی بنەماڵەی "مورەتەب و فەرزانە"یان بانگهێشت و داوایان لێکردوون کە دۆسیەی "بونیاد شەهید" بۆ ئەو دوو قوربانییە دروست بکەن.

ستادی خەبەریی ئیتلاعاتی سپای پاسداران، بە بنەماڵەی قوربانییانی فڕۆکە ئۆکرانییەکەیان وتووە، دەبێ لە میدیاکانی حکوومەتی ئێران وتووێژ بکەن؛ بەڵام ئەو سێ کەسە وتووێژکردنیان ڕەت کردووەتەوە.

ڕۆژی ڕابردوو، تەرمی چەند هاووڵاتییەکی قوربانیی فڕۆکە ئۆکراینییەکە لە شارەکانی سنە و سەقز، بە بەشداریی ژمارەیەکی بەرچاو لە خەڵک، بە خاک ئەسپەردە کران.

ڕۆژی چوارشەممە، ١٨ی بەفرانبار، فڕۆکەی موسافیربەریی ئۆکراینی بە مووشکی سپای پاسداران کەوتە خوارەوە و نزیک ١٨٠ کەس بوون بە قوربانی کە ژمارەیەک لەو هاووڵاتییانە کورد بوون.