سێ کەس لە هێزە نیزامییەکانی حکوومەتی ئێران لە سنووری شاری سەردەشت کوژران

14:18 - 9 جۆزەردان 2720

کاتژمیر ١ی شەوی هەینی ٩ی جۆزەردان، لە شەڕ و تێکەڵچوونی چەکدارانەی نێوان هێزە نیزامییەکانی حکوومەتی ئێران و گرووپێکی چەکداری نەناسراو لە سەردەشت، سێ کەس لە هێزە نیزامییەکان لەو شەڕەدا کوژران.

فەرمانداری سەردەشت لە وتووێژێک لەگەڵ هەواڵدەریی "ئیرنا"، شوناسی کوژراوەکانی ئەو شەڕەی بە "تەقی بەهەروەر" فەرماندەی پایگا و خەڵکی مەراغە، "هادی عەبدی" کادری هەنگی سنووری و خەڵکی میاندوئاو و "عەلیڕەزا ئیسلام‌ دۆست" سەربازی هەنگی سنووری و خەڵکی تەورێز، ڕاگەیاندووە.

لەو شەڕ و تێکەڵچوونەدا، لە ناوچەی "گوریلکە" لە ٢٠ کیلۆمیتریی شاری سەردەشت و لە نزیک ناوچەی "بوڵفەت و دووپەزە" ڕوویداوە.

هەتا ئێستا هیچ لایەن و جەریانێکی سیاسی ئەو شەڕەی لە ئەستۆ نەگرتووە.