سێ کەس لە دەسبەسەرکراوانی مانگرتنی گشتیی کوردستان بە شێوەیەکی کاتی ئازاد کران

22:07 - 25 خەرمانان 2718
ئاژانسی کوردپا: سێ کەس لە دەستبەسەرکراوانی مانگرتنی گشتیی کوردستان، بە دانانی بارمتە بە شێوەیەکی کاتی ئازاد کران.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، ڕۆژی شەممە ڕێکەوتی ٢٤ی خەرمانان، هەرمان وەتمان، ڕۆژنامەنووسی کورد، خەڵكی شاری مەهاباد و بەرپرسی ئاژانسی هەواڵدەریی هاژە بە تۆمەتی \"تێکدانی بیری گشتی و پشتیوانی لە مانگرتنی گشتیی کوردستان\" بانگهێشتی ئیدارەی پولیسی فەتای شاری مەهاباد کرا و دوای چەند سەعات لێكۆڵینەوە و هەڕەشە بە دانانی بارمتە بە شێوەیەکی کاتی ئازاد کرا.

هەرمان وەتمان، بە یەکێک لە نووسەر و ڕۆژنامەنووسە دیارەکانی شاری مەهاباد بە ئەژمار دێت.

\"\"هەروەها ڕۆژی یەکشەممە ٢٥ی خەرمانان، دوو برا بە ناوەکانی \"پووریا وئاریا ناسحی\" خەڵکی شاری سنە، کە لە ڕۆژی چوارشەممە ٢١ی خەرمانان هاوکات لەگەڵ دەستپێکردنی مانگرتنی گشتیی کوردستان دەسبەسەر کرابوون، بە دانانی بارمتە ئازاد کران.

زۆربەی گیراوانی مانگرتنی گشتیی کوردستان، کە بە تۆمەتی \"تێکدانی بیری گشتی و پشتیوانی لە مانگرتنی گشتیی کوردستان\" دەسبەسەر کرابوون، بە دانانی بارمتە بە شێوەیەکی کاتی ئازاد کران.

ڕۆژی چوارشەممە ڕێکەوتی ٢١ی خەرمانان، خەڵکی کوردستان بە پیریی بانگەوازی ناوەندی هاوکاری حیزبەکانی ڕۆژهەڵاتەوە هاتن، کە داوایان کردبوو بە مەبەستی بە ناڕەزایەتیدەربڕین لە بەرانبەر ئێعدامی سێ زیندانیی سیاسیی کورد و مووشەکبارانی بنکەکانی حیزبی دێموکرات مانگرتنی گشتی بەڕێوە ببەن، کە خەڵکی کوردستان دوای داخستنی سەرجەم دووکان و بازاڕەکانی کوردستان ڕووبەڕووی کاردانەوەی توندی هێزەکانی ئیلاعات بوونەوە.