سێ کۆڵبەری کورد بە تەقەی هێزە نیزامییەکانی حکوومەتی ئیسلامیی ئێران بوونە قوربانی

15:48 - 14 رەزبەر 2714
ئاژانسی کوردپا: لە ئەنجامی تەقەی هێزە چەکدارەکانی حکوومەتی ئیسلامیی ئێرانەوە، سێ کۆڵبەری کوردی خەڵکی شارەکانی مەهاباد و ورمێ، بە توندی بریندار بوون.

بەپێی راپۆرتی ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، هێزە چەکدارەکانی حکوومەتی ئیسلامی لە ناوچەی میراوێی سەربە شاری سەردەشت، تەقەیان لە کۆڵبەرانی کورد کردو بەو هۆیەوە دوو کۆڵبەر بوونە قوربانی.

هەواڵنێری کوردپا لە شاری سەردەشت رایگەیاند، کۆڵبەرێک بەناوی حاجی رەحمان و دانیشتووی گەڕەکی بەری شیلانانی شاری مەهاباد، رێکەوتی ١٣ی رەزبەر، لە کاتی کۆڵبەریدا بە تەقەی هێزە چەکدارەکانی حکوومەتی ئیسلامی بریندار کراوە.

سەرچاوەیەکی ئاگادار بۆ هەواڵنێری کوردپای ئاشکرا کردووە، هاوکات کۆڵبەرێکی دیکەش بەناوی (رەحمان قەرەچۆم)، لە کاتی تەقەی ئەو هێزانەدا و لەبەر مەترسیی گیانی، خۆی لە رێگەکە فڕێ داوەتە خوارەوە و لاقێکی شکاوە.

هەروەها لە رووداوێکی دیکەدا و رێکەوتی ١١ی رەزبەر، کۆڵبەرێکی دیکەی کوردی خەڵکی ناوچەی ورمێ لە کاتی کۆڵبەریدا لەسەر سنووری نێوان تورکیا و ورمێ، بە دەستی هێزە چەکدارەکانی سوپای پاسداران بریندار کرا.

سەرچاوەیەکی ئاگادار بۆ هەواڵنێری کوردپا ئاشکرای کردووە، ئەو کۆڵبەرە کوردە لە نەخۆشخانەیەکی شاری ورمێ لەژێر چاوەدێریی پزیشکیدایە و باری تەندروستییەکەی ناجێگر راگەیەندراوە.

مەسعوود عیساپوور خەڵکی گوندی (ئەنبێ)ی سەربە تەرگەوەڕی ورمێ، ناوی ئەو کۆڵبەرە کوردەیە، کە بە تەقەی چەکدارانی سوپای پاسداران بریندار کراوە.