سێ کۆڵبەری دەستبەسەر کراو بە ٩٠٠ ملیۆن تمەن بارمتە ئازاد دەکرێن

14:33 - 6 رێبەندان 2713
ئاژانسی کوردپا: سێ کۆڵبەری کوردی خەلکی شاری پاوە، کە لەلایەن هێزە نیزامییەکانی حکوومەتی ئیسلامیی ئیرانەوە دەستبەسەر کراون، دادگای پاوە بۆ ئازاد کرانیان داوای ٩٠٠ ملیۆن تمەن بارمتە دەکات.

بەپێی راپۆرتی ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا؛ زەکەریا محەممەدی، دیدار قادری و لوقمان نازی رۆژی سێ‌شەممە رێکەوتی ١ی رێبەندان لەلایەن ‌هیزە نیزامییەکانەوە بە تاوانی هەڵگرتنی کەلوپەلی قاچاخ دەستبەسەر کران.

دەگوترێت، کە دادستانی شاری پاوە (محەممەدزادە) بڕی ٣٠٠ ملیۆن تمەن بارمتەی بۆ هەرکام لەو سێ کۆڵبەرە بڕیوەتەوە، بەڵام هیچکام لەو کۆڵبەرانە توانای دابین کردنی ئەو بارمتەیان نییە.

بەپێی بەندی ئەلف ماددەی ٢ی یاسای قاچاخ، \"کەلووپەلی قاچاخ کە نرخەکەی لە ١ ملیۆن کەمتر بێت هیچ سزایەکی نییە ، بۆیە دەبێ تەنیا کەلووپەلەکانیان زەوت بکرێت\".

دەستبەسەر کردن و داواکردنی ئەو بارمتە قورسە لەو کۆڵبەرانە لەکاتێک دایە، کە بەوتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، کەلوپەلی ئەو کۆڵبەرانە نرخەکەی کەمتر لە ٥٠٠ هەزار تمەن بووە.

لەماوەی چەند ساڵی رابردوودا رێژەیەکی بەرچاو لە هاووڵاتییانی کوردی ناوچە کوردنشینەکانی ئیران بەهۆی هەڵاواردنی ئابووریی، گەشە نەسەندن و بێکاری لە رادەبەدەر روویان لە کۆلبەری کردووە و کۆمەڵێک کەلوپەلی وەک: \"سیگار، چایی، کەلوپەلی ناوماڵ\" بە کۆڵی خۆیان لە سنوورەکانی نێوان ئێران و ئێراق ئاڵوێر دەکەن.