سێ کۆڵبەری دیکەی کورد لە سنووری مەرگەوەڕ بوونە قوربانی

22:22 - 7 خەرمانان 2716
ئاژانسی کوردپا: هێزە نیزامییەکانی حکوومەتی ئیسلامیی ئێران، لە ناوچەی مەرگەوەر تەقەیان لە کاروانی کۆڵبەرانی کورد کرد.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، سەرلە ئێوارەی دوێنی، هێزە نیزامییەکانی حکوومەتی ئیسلامیی ئێران، لە بەرزاییەکانی \"داڵانپەڕ\"، تەقەیان لە کۆڵبەرانی کورد کرد و لە ئاکامدا، یەکێک لە کۆڵبەرەکان گیانی لەدەست دا.

هەواڵنێری کوردپا لە شاری ورمێ، شوناسی ئەو کۆڵبەرە کوردەی بە ناوی \"لەزگین شەعبانی\" خەڵکی گوندی \"کۆڵەبی\" لە ناوچەی مەرگەوەڕ ڕاگەیاندووە.

دەوترێ، ئەو کۆڵبەرە کوردە خێزاندارە و خاوەنی سێ منداڵە و بۆ دابین کردنی بژیوی ژیان ڕووی لە پیشەی کۆڵبەری لە ناوچە سنوورییەکان کردووە.

ئەو ڕاپۆڕتە لە درێژەدا دەڵێت: لەو ڕووداوەدا، دوو کەسی دیکە لە کۆڵبەرەکان بە سەختی بریندار بوون و بۆ چارەسەری پزیشکی ڕەوانەی ناوەندی دەرمانیی شاری ورمێ کراون.

شوناسی ئەو دوو کۆڵبەرە بریندارە بە ناوەکانی ئەمین و بابک شەعبانی ڕاگەیەنراوە.

هاووڵاتییانی کورد بۆ دابین کردنی بژیوی ژیان، کە وەک سەرچاوەی داهاتی زۆربەی خەڵک بە ئەژمار دێت، ڕوو لە پیشەی پڕمەترسیی کۆڵبەری دەکەن.

ناوچە کوردنشینەکانی ئێران بە هۆی نەبوونی سەرمایەگوزاریی دەوڵەتی و کەرتی تایبەت، هەروەها نەبوونی پڵانڕێژیی ئابووری کەوتووەتە بازنەی ناوچە بێبەری کراوەکان.

بەپشت بەستن بەئاماری تۆمار کراو لە ناوەندی ئاژانسی کوردپا، لە سەرەتای ئەمساڵەوە هەتاکوو ئێستا، زیاتر لە ٥٠ هاووڵاتیی بوونەتەوە قوربانیی ‌تەقەی ‌هێزەکانی حکوومەتی ئیسلامیی ئێران.