سێ کۆڵبەر لە سنوورەکانی بانە، سەردەشت و ورمێ بریندار کران

11:44 - 27 جۆزەردان 2720

ڕۆژی دووشەممە ٢٦ی جۆزەردان، کۆڵبەرێکی کورد بە ناوی "ڕەسووڵ حەسەنزادە" بەهۆی تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە نیزامییەکانی حکوومەت لە سنووری "دۆڵەتوو"ی سەردەشت پێکرا. ئەو کۆڵبەرە کوردە بۆ چارەسەریی پزیشکی ڕەوانەی ناوەندی دەرمانیی شاری سەردەشت کراوە.

هەروەها لە هەمان ڕۆژ، کۆڵبەرێکی دیکە بە ناوی "هادی ڕاستی" خەڵکی بانە، لە سنووری "کانی سێو" لە ئەنجامی تەقەی هێزە نیزامییەکانی حکوومەت بریندار کرا و بۆ ناوەندی دەرمانیی بانە ڕاگوێزرا.

پزیشکەکان بارودۆخی تەندروستیی ئەو کۆڵبەرە کوردەیان نالەبار ڕاگەیاندووە.

لەلایەکی دیکەوە، ڕۆژی یەکشەممە ٢٥ی جۆزەردان، کۆڵبەرێکی کورد بە ناوی "قابیل مەرجانی‌ ڕاد" خەڵکی گوندی "ئەلیـ"ـی ناوچەی مەرگەوەڕی ورمێ، لە کاتی کۆڵبەری لە سنووری ئەو شارە، بەهۆی تەقینەوەی مین لاقێکی لەدەست دا.