سێ کۆڵبەر لە سنووری نەسوود بە تەقەی هێزە نیزامییەکانی حکوومەتی کوژران و برینداربوون

13:02 - 25 خەرمانان 2722

سەرلەبەیانی ئەمڕۆ هەینی ٢٥ی خەرمانان، کۆڵبەرێک بە ناوی "ئیسماعیل عەبدی" تەمەن ٣٢ ساڵ کوڕی ڕەشید خەڵکی شاری جوانڕۆ، بە تەقەی هێزە نیزامییەکانی حکوومەتی لە سنووری نەوسوود کوژرا و دوو کۆڵبەری دیکە بریندار کران.

هەواڵنێری کوردپا لە شاری پاوە شوناسی ئەو دوو کۆڵبەرە برینداربووەی "موختار فەتاحی" تەمەن ٣٦ ساڵ کوڕی محەممەدڕەشید و "حەمید ئەحمەدی" کوڕی حەیدەر خەڵکی جوانڕۆ، ڕاگەیاندووە.

سەرچاوەیەکی ئاگادار لەو بارەیەوە بە کوردپای ڕایگەیاند: ئەو سێ کۆڵبەرە لە بەرزاییەکانی گوندی "شوشمێ" لە نزیک سنووری نەوسوود، بە تەقەی هێزە نیزامییەکانی حکوومەتی، کوژراو و بریندار کران.

ئەو سەرچاوە ئاگادارە هەروەها ڕایگەیاند؛ حەمید ئەحمەدی بەهۆی بەرکەوتنی گوللـەی هێزە نیزامییەکانی حکوومەتی ملی بریندار کراوە و موختار فەتاحی باسکی چەپی بریندار بووە.

سەرچاوەی ئاگاداری کوردپا هەروەها دەڵێت؛ هێزە نیزامییەکانی حکوومەتی ئێران، بە چەکی کلاشینکۆف و بە بێ ئاگادار کردنەوەی پێشوو، تەقەیان لەو کۆڵبەرانە کردووە و حەمید ئەحمەدی بەهۆی قورسیی برینەکانییەوە، ڕەوانەی ناوەندی دەرمانیی کرماشان، دەکرێت.

جەنازەی ئیسماعیل عەبدی، هەنووکە لە پزیشکیی یاسایی پاوە دایە و هەتا ئێستا جەنازەکەیان، ڕادەستی بنەماڵەکەی نەکردووەتەوە.

وێنە: ئیسماعیل عەبدی