سێ کرێکاری کورد بوونە قوربانی ڕووداوی کار

14:25 - 21 گەلاوێژ 2718
ئاژانسی کوردپا: سێ کرێکاری کوردی خەڵکی شاری سەقز، لە کاتی کارکردندا، تووشی تەزووی کارەبا دەبن و بەو هۆیەوە یەکێک لەو کرێکارانە گیانی لە دەست دادت.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، ڕۆژی شەممە ٢٠ی گەلاوێژ، سێ کرێکاری کارگەی \"قەندی محەممەدی\"، بە هۆی کارەباگرتنەوە بوونە قوربانی.

شوناسی ئەو کرێکارە گیان لەدەستدراوە بە ناوی \"سەیدبێهزاد حوسێنی\" ڕاگەیەندراوە.

بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، ئەو کرێکارە کوردە، دەسبەجێ گیانی لە دەستداوە و دوو کرێکارەکەی دیکە ڕەوانەی نەخۆشخانەی تامین ئیجتماعی شاری سەقز کراون.

ئەو سەرچاوەیە، باری تەندروستی ئەو دوو کرێکارەکەی دیکەی نالەبار ڕاگەیاندووە.
ئەو ڕووداوە لە کاتژمێژی ٦ی ئێوارەی ڕۆژی ڕابردوو، لە کارگەی قەندی محەممەدی هەڵکەتوو لە شارەکی سنعەتی \"قاراوا\"ی شاری سەقز ڕووی داوە.