سێ کرێکاری خەڵکی شاری نەغەدە بە هۆی گاز گرتوویەوە گیانیان لە دەست دا

14:56 - 14 گەلاوێژ 2717
ئاژانسی کوردپا: سێ کارێکاری کورد لە یەکێک لە گوندەکانی شاری نەغەدە لە کاتی کار کردن بە هۆی گاز گرتوویەوە تووشی ڕووداوی کار بوون.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، ڕۆژی هەینی١٣ی گەلاوێژ، سێ کرێکاری کورد خەڵکی شاری نەغەدە لە کاتی چاککردنەوەی لوولەی ئاو لە نێو چاڵێکی قووڵ بە هۆی گاز گرتوویەوە گیانیان لە دەست دا.

شوناسی ئەو سێ کرێکارە کوردە بە\" مەسعوودتالب پوور\"،\"سەید جەلال عەزیزیان\" و \"سالار مورادپوور\" ڕاگەیەندراوە.

ئەو سێ کرێکارە کوردە لە گوندی \"گۆل سندووس\"ـی شاری نەغەده لە قوڵایی ١٠ مێتری ئەو چاڵە تووشی گازگرتوویی بوونه.

دەوترێ، یەکێک لە ئەو سێ کرێکارە سەرەتا تووشی گازگرتوویی دەبێت ئەو دوو کەسەکەی دیکە لە کاتی بە هاناچوونی کڕیکاری یەکەم، دوو کرێکاری دیکە بە هەمان شێوە تووشی ئەو ڕووداوە دەبن.

هەر لەو پەیوەندییەدا، ١ی گەلاوێژ کرێکارێکی خەڵکی شاری مەریوان بە ناوی \"هوشیار محەممەدی\" لە کاتی کارکردن لە بینایەکی سێ نهۆمی لە گوندی ئاساوڵەی نزیک شاری سنە بەربووە و گیانی لە دەستدا.

کرێکارانی کورد سەرەڕای نەبوونی دڵنیایی کار، ڕۆژانە تووشی ڕووداوی کار دەبن و گیانیان لەدەست دەدەن.

بەوتەی چالاکانی کرێکاری بەشێکی بەرچاو لەخەڵکی کوردستانی ئێران لە ڕێگای کرێکارییەوە بژیوی ژیانی ڕۆژانەیان دابین دەکەن و هیچ جۆرە یاسا و ڕێسایەک کە مافەکانی کرێکاران لە کوردستان و شوێنەکانی دیکەی ئێران دەستەبەر بکات، لە ئارادا نییە و بە هەموو شێوەیەک کرێکاران، هەم حکوومەت و هەم خاوەنکاران، دەچەوسێنەوە.