سێ ڕووداوی هاتوچۆ لە کوردستان، ٣١ قوربانیی لێ کەوتەوە

12:44 - 19 جۆزەردان 2721

ڕۆژی سێشەممە ١٨ی جۆزەردان، بەهۆی پێکدادانی سێ ماشین لە جۆری "سەواریی توندەر"، "مینی‌بوس" و "پێژۆ پارس" لە جادەی سەرەکیی مەریوان، لە سنووری باشماخ، گیانلەدەستدانی جووتیارێک و برینداربوونی ٢٣ کەسی دیکەی لێ کەوتەوە.

شوناسی ئەو جووتیارە گیانلەدەستداوە بە ناوی "مەحموود پارسی"، تەمەن ٧٠ ساڵ ڕاگەیەندراوە.

لە لایەکی دیکە و لە هەمان ڕۆژدا، ڕووداوی هاتوچۆ لە جادەی نەغەدە ــ پیرانشار، لە نزیک گوندی "قاڕنێ" سێ کەس لە موسافیرانی "پراید"ی کردە قوربانی و لە ئاگردا سووتان.

سەرچاوە خۆجێییەکان بڵاویان کردووەتەوە کە ئەو سێ کەسە لە ئەندامانی بنەماڵەیەک بوونە و هەتا ئێستا بەهۆی زۆریی ڕێژەی سووتاوییەکەیانەوە، شوناسیان ناڕوون ماوەتەوە.

هەر لەو پەیوەندییەدا، لە جادەی ڕوانسەر ــ پاوە، لە نزیک گوندی "شوانکارە" بەهۆی پێکدادانی دوو ماشین لە جۆری "پراید" هاووڵاتییەک گیانی لەدەست دا و سێ کەسی دیکە بریندار بوون.

بە ڕای كارناسان، ناستانداردبوونی جادەكان، ڕەچاونەكردنی یاساكانی هاتوچۆ لە هۆكارە سەرەكییەکانی ڕووداوی هاتوچۆ دێنە ئەژمار.