سێ چالاکی کورد بە دانانی بارمتە لە زیندانی ئیتلاعات ئازاد کران

14:14 - 26 خاکەلێوه 2715
ئاژانسی کوردپا: سێ چالاکی خوێندکاری و رۆژنامەنووسی کورد کە مانگی رەشەمە دەستبەسەر کرابوون، پاش زیاتر لە یەک مانگ دەستبەسەری لە ناوەندە ئەمنییەکانی حکوومەتی ئیسلامیی ئیراندا، بە دانانی بارمتەی قورس و بە شێوەی کاتی ئازاد کران.

بەپێی راپۆرتی ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، موختار زارعی چالاکی سایسیی کوردی خەڵکی شاری سنە و پاش یەک مانگ راگیران لە گرتووخانەی ئیتلاعات و زیندانی ناوەندیی شاری سنە، بە دانانی ١٠٠ ملیۆن بارمتە تمەن لە زیندان ئازاد کرا.

موختار زارعی، چالاکی سیاسیی کورد، کە رێکەوتی ٢٤ی رەشەمە لەلایەن هێزەکانی وەزارەتی ئیتلاعاتەوە دەستبەسەر کرابوو، پاشنیوەڕۆی رۆژی رابردوو، بە شێوەی کاتی و هەتا کاتی دادگایی کرانی، ئازاد کراوە.

\"25994.jpg\"
موختار زارعی چالاکی سایسیی کوردی خەڵکی شاری سنە بە دانانی ١٠٠ ملیۆن بارمتە تمەنی لە زیندانی ئەو شارە ئازاد کرا
ئەو چالاکە سیاسییە کوردە، دوو تۆمەتی \"تەبلیغ بە دژی نیزام\" و \"هەوڵدان دژی تەناهیی نەتەوەیی\" لە رێگەی بڵاوکردنەوەی نووسینەکانی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی فەیسیبووکی دراوەتە پاڵ، بەڵام هەتا ئێستا لەو پەیوەندییەدا دادگەیی نەکراوە.

هەروەها دەگوترێ، کاوان محەمەدپوور سەرنووسەری دووحەفتەنامەی کۆمەڵگەی کوردستان (جامعەی کردستان)، کە چەند رۆژ پێش ئیستا دادوەری لێکۆلینەوە بڕیاری ئازادکرانی دەرکردبوو، رۆژی رابردوو بە دانانی ١٥٠ ملیۆن ئازاد کرا.

ئەو رۆژنامەنووسە کوردەی خەڵکی سەردەشت، رێکەوتی ٦ی رەشەمەی ساڵی ٩٣ و پاش خۆناساندن بە ئیدارەی ئیتلاعاتی مەهاباد دەستبەسەر کرابوو، بەڵام هەتا ئێستا هۆکاری دەستبەسەرکرانی رانەگەیاندراوە.

كاوان محەمەدپوور خوێندكاری رشتەی كۆمەڵناسی، سەرنووسەری دوو حەفتەنامەی \"جامعە كوردستان\"، هاوكاری رۆژنامەی شەرق، نووسەری گۆڤاری ئەدەبیی حەوتی تیر بووە.

هاوکات و لەلایەکی دیکەوە، ئاژوان (پێشەوا) ساڵح‌زادە، هاووڵاتیی کوردی خەڵكی شاری سەردەشت، کە رێکەوتی ٧ی مانگی رەشەمەی ساڵی رابردوو لەلایەن هێزە ئیتلاعاتییەکانەوە دەستبەسەر کرابوو، بە سپاردنی بارمتە لە زیندان ئازاد کراوە.

پێشەوا ساڵح‌زادە، پاش ١١ رۆژ راگیران و لێپرسینەوە لە ئیدارەی ئیتلاعاتی ورمێ، رێکەوتی ١٨ی رەشەمە گوازرابوویەوە بۆ زیندانی ورمێ.