سێ چالاکی کورد بۆ گرتنگەی ئیتلاعاتی سپا لە ورمێ ڕاگوێزران

17:40 - 29 بەفرانبار 2720

سێ چالاکی کورد بە ناوەکانی "دەریا تاڵبانی، عەزیمە ناسری و ئەسرین محەممەدی"،  پاش دەسبەسەری لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکان لە مەهاباد، بۆکان و تاران، بۆ لێپرسینەوە، ڕەوانەی گرتنگەی "ئەلمەهدیـ"ـی ورمێ کران.

ڕۆژی شەممە ٢٠ی بەفرانبار، دەریا تاڵبانی و عەزیمە ناسری، بە بێ بەڵگەی یاسایی و هەر کامەیان بە جیا، لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکان لە مەهاباد و بۆکان دەسبەسەر کران.

هەروەها لە هەمان ڕۆژدا، ئەسرین محەممەدی لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانی سەر بە ئیتلاعاتی سپا لە تاران، دەسبەسەر کرا و ناوبراو لە پەیوەندییەکی تەلەفۆنیدا لەگەڵ بنەماڵەکەی ڕایگەیاندووە کە بۆ لێپرسینەوە، ڕەوانەی گرتنگەی ئیتلاعاتی سپا لە ورمێ کراوە.

هەتا ئێستا لە هۆکاری دەسبەسەری و تۆمەتە وەپاڵدراوەکانی دژی ئەو سێ چالاکە کوردە هیچ زانیارییەک لە بەر دەستدا نییە.