سێ چالاکی کرێکاری سەردانی بنەماڵەی ڕامین حوسێن‌پەناهیان کرد

15:21 - 8 پووشپەڕ 2718
ئاژانسی کوردپا: سێ کەس لە چالاکانی کرێکاری خەڵکی شاری سنە، سەردان و چاوپێکەوتنیان لەگەڵ دایک و باوکی ڕامین حوسێن‌پەناهی کرد.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، \"یەدوڵڵا سەمەدی، کامڕان ساختمانگەر و بێهنام ئیبراهیم زادە\"، سێ کەس لە چالاکانی کرێکاریی شاری سنە، سەردانی بنەماڵەی ڕامین حوسێن‌پەناهیان کرد.

ئەو سێ چالاکە کرێکارییە، وێڕای هاوخەمیی خۆیان لەگەڵ بنەماڵەی حوسێن‌پەناهی، خوازیاری هەڵوەشاندنەوەی حوکمی لە سێدارەدانی ڕامین بوون.
لە لایەکی دیکەوە، بنەماڵەی حوسێن‌پەناهی سپاس و پێزانیی خۆیان بۆ ئەو سێ چالاکە کرێکارییە کوردە دەربڕی و خوازیاری گەیاندنی دەنگی بێتاوانی ڕامین حوسێن‌پەناهی بوون.

ڕامین حوسێن‌پەناهی، ڕۆژی هەینی ٢ی پووشپەڕی ساڵی ڕابردوو، لە شەڕ و تێکهەڵچوونێکدا لەگەڵ هێزەکانی سپای پاسداران لە شاری سنە، بە سەختی بریندار بوو و لە لایەن هێزەکانی سپاوە دەسبەسەر کرا.

ڕۆژی سێشەممە ٢١ی خاکەلێوە لە لقی ٣٩ی دیوانی باڵای وڵات لە شاری قوم، حوکمی ئێعدامی ڕامین حوسێن‌پەناهی پشتڕاست کرایەوە.